بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی جۆرج بۆش ی شەڕەنگێز، ڕۆژی 5 ی شوبات ی ساڵی 2002، لە میانەی کۆبوونەوەیەکی 76 خولەکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ڕاستەوخۆ بۆ ملیۆنان بینەری تەلەفزیۆنی ڕووماڵ دەکرا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە واشنتن بەڵگەی وەهای لایە کە پیشان دەدات سەدام دیکتاتۆری عێراق بە نهێنی چەکی کۆمەڵکوژ بەرهەم دێنێت.
پاوڵ وتی:” هاوکارەکانی من، ئەوەی کە من ئەمڕۆ باسی دەکەم لە لایەن سەرچاوەکانەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، ئەمانە بانگەشە نین، ئەوەی کە بە ئێوەی دەدەین ڕاستییەکان و ئەنجامەکانن کە پشت بە زانیارییەکان دەبەستن “.
پاوڵ بۆ سەلماندنی لێدوانەکانی، چندین وێنەی ئاسمانی، تۆماری دەنگی وتووێژی نێوان سەربازە عێراقییەکان و تەنانەت کەپسولێکی بچووکی سپی ڕەنگی پیشان دا کە ئاماژەیەک بۆ پلانە سەربازییەکەی عێراق بوو. لە یەکەم تێڕوانیندا هەم دەکرا بەڵگەکان قبووڵ بکرێت و هەم بە وردبینییەوە بە درۆ بخرێتەوە.
بەڵام کێشەیەک بە ڕوونی هەستی پێدەکرا، هیچ یەک لەو بەڵگانە ڕاست نەبوون. ئەو وێنە ئاسمانییانەی پاوڵ بانگەشەی بۆ دەکرد ئەوە نەبوو کە زانیاری وەهای لێ وەربگیرێت، لە کاتێکدا کە تۆمارە دەنگییەکانیش دەستکاری کرابوون. زیاتر لە 70 سەردان و بەسەرکردنەوەی تیمی چاودێرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەیەکی وەهای نەبوو کە پیشان بدات عێراق چەکی کیمیایی، ناوەکی یان بایۆلۆجی بەرهەم دێنێت. تەنانەت پاش هێرشەکەی ئەمریکا لە ئاداری 2003 بۆ سەر عێراق، کۆشکی سپی بە ناچار دانی بەوەدا نا کە عێراق چەکی کۆمەڵکوژی نەبووە.
یەکێک لە ڕاوێژکارانی ئەمینداری ئەو کاتەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕاگەیاند کە کوفی عەنان هیچ کات پاڵپشتیی لەو پڕوپاگەندەی ئەمریکییەکان و درووستکردنی بەڵگەی تەزویر وەک پاساوێک بۆ هێرشەکەی سەر عێراق نەکرد و دژی سیاسەتی بۆش بەرامبەر بە قەیرانی عێراق بوو. ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی ڕێگریی لە بۆردومانی عێراقدا و شەڕەکەی ئەمریکای بە نایاسایی ناو برد. کوفی عەنان لە مانگی ئاب ی 2018 کۆچی دوایی کرد.
هەرچەندە لە ئاکامدا ڕاستییەکان ڕوون کرایەوە بەڵام درۆ گەورەکەی ئەمریکا تێچوویەکی قورسی هەبوو. هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بووە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 9 ملیۆن کەس و بەدەر لە کاولکاری و ڕووخانی عێراق بەرهەمێکی نەبوو. بە تێپەڕبوونی 2 دەیە لە درۆ گەورەکەی ئەمریکا، عێراق بەردەوام تووشی کێشە و گرفتی ناوخۆییە بە هۆی دەستێوەردانەکانی ئەو وڵاتەوە کە تەنیا هەوڵی مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکان و بەهێزکردنی پێگە و دەستڕۆیشتوویی خۆی دەدات.
لە ئاداری 2003 و یەک مانگ پاش درۆکەی کۆڵین پاوڵ، ئەمریکا و وڵاتانی بە ناو هاوپەیمان هێرشیان کردە سەر عێراق.
پاییزی هەمان ساڵ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا بۆ کۆنگرێسی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە کاتی هێرشەکان هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژ لە عێراقدا نەبووە. پاوڵ دواتر درۆکانی وەک پەڵەیەکی ڕەش لە کارنامەی خۆی و بە شکستێکی گەورەی هەواڵگری پێناسە کرد./.