بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا ڕۆژی یەک شەممە 5 ی شوبات لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ ساڵیادی درۆیەکی گەورەیە کە کۆڵین پاوڵ وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەک پاساوی هێرشی سەر عێراق باسی کرد.
وەزیری دەرەوەی سوریا وتی: 20 ساڵ بەر لە ئێستا و لە وەها ڕۆژێکدا لە سەر کورسی نوێنەرایەتی سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بووم و لە نزیک من کۆڵین پاوڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو تا ڕۆڵی پیلانگێڕانەی خۆی بۆ پاساوی هێرشەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر عێراق بە بیانووی هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ پیشان بدات.
فەیسەڵ مێقداد وتی: دواتر بۆ هەمووان ڕوون کرایەوە کە ئەوانەی پاوڵ باسی دەکرد هەمووی درۆ و پڕوپاگەندە بووە، تەنانەت خۆی ئەوەی باسی کردبوو وەک پەڵەیەکی ڕەش لە کارنامەکەیدا ناوی برد، بەڵام عێراق بەو درۆیانە هێرشی کرایە سەر و ئەوەمان بینی کە چ تاوان و کارەساتێک لە ئەنجامی ئەو هێرشەش ڕوویدا.
وەزیری دەرەوەی سوریا وتی: ئەمڕۆ وەک ڕابردوو، هەمان شانۆگەری، هەمان درۆ و هەمان بیرکردنەوە لە گۆڕەپانەکەدا دەبینرێت، بەڵام ئەمجارە سوریا بە بیانووی بێ بنەمای هەبوون و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کراوەتە ئامانج. جیهان دەبێت لە ڕابردوو وانە وەربگرێت و موڵەتی ئەوە نەدات ئەمریکا و بەکرێگیراوەکانی وەک فەرەنسا یارییەکی مەترسیدار دەست پێبکەنەوە و پڕوپاگەندە و درۆی خۆیان بکەنە پاساوی هێرش و دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە./.