بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی CNBC لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە سزا و گەمارۆ نەوتییەکانی دژ بە ڕووسیا شکستی هێناوە و دیاریکردنی نرخی نەوتی ئەم وڵاتەش لە لایەن ڕۆژئاواوە ڕەنگە کاریگەری نەبێت. ڕاپۆرتەکەش لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە یەکێتی ئەورووپا بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکانی ڕووسیای خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یەکێتی ئەورووپا و گرووپی حەوت و ئۆسترالیا نرخی 60 دۆلاریان بۆ هەر بەرمیل نەوتی ڕووسیا دیاری کردووە و ئەگەر نەوتی ڕووسیا بە زیاتر لەم نرخە هاوردە بکرێت، کۆمپانیاکانی بیمە هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ بارە نەوتەکانی ڕووسیا دابین ناکەن.
پۆڵ سانکی شرۆڤەکاری باڵای بازاڕی جیهانیی وزە بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە کە ئەم بڕیارە وەک بۆمبێکی چێندراوە و بە تەواوی شکستی هێناوە.
هەروەها واندانا هری شرۆڤەکار و دامەزرێنەری دامەزراوەی واندا ئینسایت بە ئاماژە بە بێ کاریگەربوونی دیاریکردنی نرخی نەوتی ڕووسیا بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە کە نەوتی ڕووسیا بەردەوام شوێنی خۆیی لە بازاڕەکاندا کردووەتەوە و لە لایەن هەندێک وڵاتی وەک چین و هیندستانەوە پێشوازیی لێدەکرێت.
پۆڵ سانکی ڕایگەیاندووە کە ڕووسیا ڕێگای زۆری بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ بازاڕەکانی جیهان و بێ کاریگەرکردنی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا لە بەردەستدایە.
سزاکانی یەکێتی ئەورووپا بۆ قەدەغەکردنی وزەی ڕووسیا بۆ هەر 27 وڵاتەکەی ئەندام لەو یەکێتییە دەبێت. ئەورووپییەکان دەیانەوێت ڕێژەی داهاتی نەوتی ڕووسیا کەم بکەنەوە./.