بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نورەدین شیرین لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی، جەختی لە سەر بەهێزکردنی کەرتی میدیایی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕەوتی ستەمکاری و زایۆنیزمی جیهانی کردەوە و وتی کە قودس و فەڵەستین هۆکاری یەکڕیزی جیهانی ئیسلامین.
ناوبراو وتی: وەک چۆن کە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، بە دڵنیاییەوە بەرەی ڕاستی لە بەرامبەر بەرەی درۆ و تەزویر سەرکەوتن بە دەست دێنێت و ئێمەش بە پێی هەمان بەڵێنی خودایی درێژە بەم ڕێگا پیرۆزە دەدەین.
نورەدین شیرین جەختی لە سەر گرنگی یەکڕیزی جیهانی ئیسلام بە تایبەت لە بواری میدیایی و بۆ ڕوبەڕوبونەوەی شەڕی نەرمی دوژمنان کردەوە و وتی: سەید حەسەن نەسروڵڵا بە باشترین شێواز باسی لاوازیی ڕژێمی زایۆنیستی کردووە و ئێمەش دڵنیایی دەدەین کە لە بەرامبەر ئەو ڕژێمەدا بە تایبەت لە بواری میدیایی سەرکەوتوو دەبین.
دامەزرێنەری کەناڵی قودس ی تورکیا ستایشی چالاکییەکانی ئەم دواییەی قودسی داگیرکراوی کرد و وتی کە برایانی فەڵەستینیی ئێمە ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێی مێژووییان کردووەتەوە و بە هێز و گەورەییەوە پێیان ناوەتە ئەم قۆناغەوە.
نورەدین شیرین وتی: فەڵەستینییەکان دوو ساڵ بەر لە ئێستا بە یارمەتی خودای گەورە لە شەڕی شمشێری قودس سەرکەوتنیان بە دەست هێنا کە گرنگی و پەیامێکی زۆری هەیە، ئەمڕۆش دەبینین کە گەنجان و تێکۆشەرانی فەڵەستینی لە جنین، نابلۆس، ئەلخەلیل و کەرتی خۆرئاوا بە گشتی هەمان سەرکەوتن دووبارە دەکەنەوە و تا ئێستا لە کەرتی خۆرئاوا وەها ڕوبەڕوبونەوەیەکی زایۆنیستەکان نەبینراوە و پشت بە خودای گەورە سەرکەوتنی کۆتاییش لە سەر دەستی برایانی فەڵەستینی لە کەرتی خۆرئاوا وەک دەروازەی نوێی خۆڕاگری مسۆگەر دەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی و سازشتکارانی عەرەب یەک چارەنووسی هاوبەشیان هەیە و ئەویش لاوازبوون و لەناوچوونە.
دامەزرێنەری کەناڵی قودس ی تورکیا وتی: ئەمڕۆ لە بەشی میدیایی بەرەی خۆڕاگری، قودس خۆی میدیایەکی بەهێزە کە دەنگی ماف و ڕاستییەکان بە جیهان دەگەێنێت. ئەم بەرەیە، بەرەی برایەتییە کە لە ژێر ئاڵای ئیسلامدا هەمووان کۆدەکاتەوە و ئێمەش دەبێت ئەرکی سەرشانی خۆمان بە جێ بێنین و بە چەکی ڕوونبینی و ئیرادە لە بەرامبەر بەرەی دوژمن خۆڕاگری بکەین، بە یارمەتی خودا ئەم شەڕە وەک شەڕی بەرەی ماف و ڕاستی لە بەرامبەر بەرەی دوژمن درێژەپێدەر دەبین./.