بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی دەعموش وتی کە ئەمریکا هەوڵی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و ڕژێمی زایۆنیستی و ئامانجەکانی لە لوبنان دەدات.
ناوبراو وتی: قەیرانی دارایی و بژێوی ژیان بووەتە گەورەترین کێشەی لوبنانییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ڕێژەی هەڵئاوسان گوشارێکی کەم وێنەی لە سەر خەڵک داناوە و ئێش و ئازارەکانی ئەوانی زیاتر کردووە و ئەم قەیرانەش بە هۆی نەبوونی چارەسەر و بەردەوامی سزاکانی ئەمریکا زیاتر دەبێت.
دەعموش وتی کە هەندێک بۆ چارەسەری ئەم دۆخە چاویان بڕیوەتە دەرەوە بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە ئەمریکا گرنگی بە بەرژەوەندی لوبنانییەکان نادات و دەیانەوێت لوبنان سەرۆک کۆمارێکی بەهێز، بوێر و نیشتمانیی نەبێت بەڵکوو ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە، دابینکردنی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئەگەر ئەمریکا وا دەزانێت کە بە زیاترکردنی گوشارەکان و ئاژاوەگێڕی لە لوبنان دەتوانێت لە دۆسیەی سەرۆک کۆماردا داواکارییەکانی خۆی بە سەر ئەم گەلەدا بسەپێنێت، تووشی هەڵە بووە، ئەگەرچی ئەمریکا گەمارۆی لوبنانی داوە و بە سزاکان و ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان دەتوانێت کێشە بخاتە بەردەم وڵاتی ئێمە بەڵام قەد ناتوانێت ئیرادەی خۆی بە سەر گەلی لوبناندا بسەپێنێت./.