یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەتوانێت ڕێگری لە نزیکبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە سوریا بکات، گرووپە چەکدار و تیرۆریستییەکانی ئیدلبن لە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و ڕێگری لە هەر بەرەوپێشچوونێک لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا دەکەن.
ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات درێژە بە داگیرکاری خۆی دەدات و تا ئێستا هێزەکانی هەسەدە هیچ هەوڵێکیان بۆ ڕزگاربوون لەم داگیرکارییەی ئەمریکییەکان نەداوە، بە تایبەت لەو کاتانەش کە هەڕەشەکانی تورکیا لە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە هەبووە.
فەرماندە و بەرپرسانی هەر دوو باڵی سیاسی و سەربازیی هەسەدە پەنایان بۆ ڕووسیا دەبرد کە لە دیمەشق نزیک ببنەوە و سوپای سوریا لە گەڵ ئەوان بێت، بەڵام کاتێک سەردانی دیمەشقیان دەکرد بە یەک ئاماژە و ڤیتۆی ئەمریکییەکان، لە سەرجەم وتووێژ و بەڵێن و ڕێکەوتنەکانیان پاشگەز دەبوونەوە.
واشنتن هەوڵ دەدات کە ڕێکەوتنی ئاستانە تەواو نەکرێت و سوریا بەم دۆخەوە بمێنێتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی هەسەدە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی نەوت، غاز، ئاو و زەوی کشتووکاڵی، گەنم و …. کە لەو ڕێگایەوە حکومەتی سوریا دەتوانێت لە کاریگەری گەمارۆ و سزا زاڵمانەکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، گەڕانەوەی ئاوارەکان و بونیادنانەوەی ژێرخانەکان لە ڕێگای سەرچاوەکانی ئەو ناوچانەوە دەست پێبکات، بەڵام ئەمریکا ڕێگری لەوە دەکات ئەوانەی باس کران، ڕوو بدەن.
سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا چەندین بەربەست و ئاستەنگ بوونی هەیە کە دیارترینی ئەوانەش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و ئەگەری هەمواکردنەوەی دەستوور و هەروەها بوونی گرووپە تیرۆریستییەکانی سوریان کە لە لایەن وڵاتانی دەرەوە پاڵپشتی دەکرێن.
یەکێکی دیکە لە بەربەستەکان، هەوڵی ئەمریکایە بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ هێزەکانی هەسەدە. تورکیا هەڕەشەی هێرشی سەربازیی کردووە بۆ باکوری سوریا، ئەمەش بوون و پێگەی ئەمریکا لە ناوچەی جزیرەی سوریا کە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە داگیر کراوە، دەخاتە مەترسییەوە./.