بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەکە کە لە سەر 15 کەس ئەنجام دراوە، ئاشکرای کردووە کە دووکەڵی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی درووستبوونی هەوکردنێکی زۆر لە سییەکاندا، ئەمەش دوای ئەنجامدانی پشکنینی سی تی سکان بۆ ئەو کەسانەی لە ژێر تاقیکردنەوەکەدا بوون و بۆیان دەرکەوتووە کە دووکەڵی شلە ئەلیکترۆنییەکان جیاوازە لە دووکەڵی جگەرەی ئاسایی.
بەشداربووانی توێژینەوەکە بەکارهێنەری جگەرەی ئەلیکترۆنی و جگەرەی ئاسایی بوون و بەشێکیشیان هیچ یەک لەو دوو جۆرە جگەرەیان نەکێشاوە، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو هەوکردن لە سییەکانی بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنیدا زیاترە لە جگەرەکێش و ئەو کەسانەیشی هیچ جۆرە جگەرەیەک ناکێشن لە ڕووی تەندرووستی سییەکانەوە سەلامەتن.
بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە تایبەت لە نێو مێرمنداڵان و گەنجانی پێگەیشتوودا، لە کاتێکدا خەڵک جگەرەی ئەلیکترۆنییان بە تەندرووستتر لە جگەرەی ئاسایی دادەنا، بەڵام توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان و مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشییە جیاوازەکانی سییەکان زیاد دەکات./.