بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن بانگەشەی سەرکردایەتیکردنی جیهان بکەن.
ناوبراو لە کۆبوونەوەی لێژنەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی ڕووسیای یەکگرتوو وتی: تاوانەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی کات و سنورێکی نییە و بۆ هەمیشە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە بێبەش دەکات کە بانگەشەی سەرکردایەتی جیهان بکەن بە تایبەت ئەوەی کە ئامانج و تایبەتمەندی ئەوان لە ڕووی چەوساندنەوەی خەڵکانی دیکەوە هەر ماوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی کە ڕۆژئاوا گەشەی ئابوری خۆیی لە ڕێگای چەندین سەدە تاڵانکردن و چەوساندنەوەی وڵاتانی دیکە بە دەست هێناوە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەو زاڵبوونە بپارێزێت و وڵاتان و لایەنەکانی دیکەش وەک تێچووی ئەو زاڵبوونە بە کار دێنێت.
لاوڕۆڤ وتی کە ڕۆژئاوا بەردەوام ڕێگری لە دیمۆکراتیزەبوونی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکات و بە شێواز و سیاسەتی نوێ خۆی بە سەر جیهاندا دەسەپێنێت، ئەوان سیستەمی نێودەوڵەتییان بە پێی یاساکانی خۆیان دەوێت.
ناوبراو وتی کە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، جیهان بووەتە دوو بەشی وڵاتانی شوێنکەوتووی واشنتن و وڵاتانی سەربەخۆی وەک ڕووسیا، چین، ئێران، کوبا، ڤەنزوێلا و وڵاتانی دیکە./.