بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوان و هەڵوێستی دوژمنانەی سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی دیکەی فەرەنسا بە تایبەت لە کۆبوونەوەکەی مەکرۆن و سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی، وتی: کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمێک کە جیهان بە هێمای تیرۆری ڕێکخراو، توندووتیژی، تاوان، کوشتار و ئاوارەیی ژنان و منداڵانی زوڵملێکراوی ڕۆژئاوای ئاسیا بە تایبەت لە فەڵەستین دەیناسێت، شیاوی شەرمەزارکردنە.
کەنعانی وتی: سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کاتێکدا ڕەخنە لە چالاکی ئاشتیانەی وزەی ناوەکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێت کە دەڵێی ئەوەی لەبیر کردووە ڕژێمی زایۆنیستی بە هەبوونی دەیان کڵاوەی ناوەکی، هیچ چاودێرییەکی نێودەوڵەتی قبووڵ ناکات و بە مێژووی ڕەشی داگیرکاری و دەسدرێژی سەربازی، گەورەترین هەڕەشەی سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: باشترە لایەنی فەرەنسی لە جێی دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە چالاکی ئاشتیانەی وزەی ناوەکی ئێران کە بە تەواوی لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیدایە، جیهان لە شێوازی دەستخستنی تیرۆریزمی زایۆنیستی بە چەکی ناوەکی ئاگادار بکاتەوە.
ناسر کەنعانی لە کۆتاییدا ئامۆژگاری بەرپرسانی باڵای فەرەنسای کرد کە بە لێدوانەکانیان لەمە زیاتر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان ڕوبەڕوی زیان نەکەنەوە./.