بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەزگای ئاماری تورکیا پیشان دەدات کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و ئەم وڵاتە لە ساڵی 2022 لە سەدا 15 گەشەی کردووە و گەیشتە 6 ملیار و 420 ملیۆن دۆلار.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و تورکیا لە ساڵی 2021 زیاتر لە 5 ملیار و 590 ملیۆن دۆلار بووە.
هەناردەی تورکیا بۆ ئێران لە مانگەکانی کانوونی دووەم تا کانوونی یەکەمی 2022 بەراورد بە ساڵی ڕابردووی لە سەدا 11 گەشەی کرد و گەیشتە 3 ملیار و 70 ملیۆن دۆلار.
تورکیا لە ساڵی 2021 زیاتر لە 2 ملیار و 770 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردبوو.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هاوردەی تورکیا لە ئێران لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 لە سەدا 19 گەشەی هەبووە. تورکیا لە ساڵی 2021 زیاتر لە 2 ملیار و 820 ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئێران هاوردە کردبوو کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی 2022 گەیشتە 3 ملیار و 350 ملیۆن دۆلار.
هەناردەی غازی ئێران بۆ تورکیا
پێگەی هەواڵی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئێران لە ساڵی 2022 زیاتر لە 9 ملیار مەتری سێجا غازی سرووشتیی هەناردەی تورکیا کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئێران لە ساڵی 2022 زیاتر لە 9 ملیار و 404 ملیۆن مەتری سێجا غازی سرووشتیی هەناردەی تورکیا کردووە کە ئەم ڕێژەیە بەراورد بە ساڵی 2021 لە سەدا 8 دابەزینی هەبووە. ئێران لە ساڵی 2021 زیاتر لە 10 ملیار و 288 ملیۆن مەتری سێجا غازی هەناردەی تورکیا کردبوو./.