بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەمید حوسێنی وتی: بە دڵنیاییەوە ئەگەر عێراق و تورکیا دەیانتوانی لە سەرچاوەیەکی دیکەوە غازی پێویستی خۆیان دابین بکەن تا لە سەرجەم وەرزەکانی ساڵدا بتوانن بەردەوام غازیان هەبێت، ئەو کارەیان دەکرد بەڵام دۆخی ناوچەکە بە شێوازێکە کە هیچ وڵاتێک توانای ئەوەی نییە ببێتە جێگرەوەی غازی ئێران. تورکیا بە پێی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ناوخۆیی و هەروەها بە پێی ئەوەی کە دەتوانێت هەناردە بکات، بە دڵنیاییەوە لە ساڵی 2026 گرێبەستەکەی لە گەڵ ئێران درێژ دەکاتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە دەنگۆی ڕاگرتنی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق وتی: بە پێی ئەو ئامارەی کە لەم ماوەیەدا بڵاو بووەتەوە، بە گشتی ڕۆژانە 14 ملیۆن مەتری سێجا غاز هەناردە دەکرێت و ڕەنگە ڕێژەی هەناردە بۆ تورکیا 6 تا 7 ملیۆن مەتری سێجا بێت، لە کاتێکدا کە گرێبەستی ئێمە لە گەڵ تورکیا ڕۆژانە نزیکەی 25 ملیۆن مەتری سێجایە، بۆ عێراقیش نزیکەی 7 ملیۆن مەتری سێجای ڕۆژانە هەناردە دەکرێت، لە کاتێکدا لە مانگەکانی ڕابردوو ڕۆژانە نزیکەی 50 ملیۆن مەتری سێجا هەناردەی ئەم وڵاتە دەکرا. ئەو ئامارەی کە بڵاو بووەتەوە پیشان دەدات کە ئەمساڵ عێراق 3 ملیار و 500 ملیۆن دلار غازی لە ئێران هاوردە کردووە. لە گرێبەستەکەی ئێران و عێراقدا هاتووە کە تاران دەتوانێت لە وەرزی زستاندا ڕێژەی هەناردەی غاز کەم بکرێتەوە، بە هۆی ئەوەی کە لە وەرزی سەرمادا دۆخی ناوخۆیی ئێران دەرفەتی هەناردەی زۆری غاز نادات. ساڵانی ڕابردووش هەر وا بووە، ئەگەرچی عێراق گلەی هەیە بەڵام لەم دۆخە تێدەگات.
ئایا عێراق و تورکیا درێژە بە هاوردەی غازی ئێران دەدەن؟
حوسێنی سەبارەت بەوەی کە ڕەنگە بە هۆی ناسەقامگیری ڕێژەی هەناردەی غازەوە ئێران بازاڕەکەی لە ناوچەکە لە دەست بدات، وتی: بە دڵنیاییەوە ئەگەر عێراق و تورکیا بتوانن لە سەرچاوەکانی دیکەوە غاز هاوردە بکەن کە لە سەرجەم وەرزەکانی ساڵدا ئەو ڕێژە هاوردەیە بەردەوام بێت، ئەو کارەیان دەکرد بەڵام دۆخی ناوچەکە بە شێوازێکە کە ئەگەری جێگرتنەوەی غازی ئێران نییە، تورکیا ڕێژەی بەکارهێنانی ناوخۆیی زۆرە و ئەگەری هەناردەشی هەیە و هەر بۆیە لە ساڵی 2026 گرێبەستەکەی لە گەڵ ئێران درێژ دەکاتەوە.
10 ملیار دۆلار پارەمان لای عێراقە
سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکان، غاز و پترۆکیمیای ئێران سەبارەت بە قەرزەکانی عێراقیش وتی کە سەرۆکی بانکی ناوەندی ڕێژەی قەرزەکانی ئێرانی لای عێراق بە 10 ملیار دۆلار ناو بردووە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەڵێنی داوە کە دەبێت میکانیزمێک دیاری بکرێت ئەو سەرچاوە داراییانە ڕادەست بکرێتەوە یان بۆ کڕینی کاڵا و پێداویستی ئێران بەکار بهێندرێت.
هاوکاری لە گەڵ ئێران لە بەرژەوەندی ئابوری عێراقە
سەید حەمید حوسێنی وتی: خۆشبەختانە سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی بە هۆی کەمبوونی غازەوە بۆ کەرتی کارەبای عێراق ڕووی داوە، لە بوارەکانی دیکەدا ئێمە توانا و کوالیتی کاڵای ئێرانیمان پیشان داوە، ئەو وێستگانەی کە بە کەرەستە و پێداویستی ئێرانی لە عێراق کار دەکەن زیاتر لە نموونەکانی بیانی سەرکەتوو بوون. بە گشتی دەتوانم بڵێم کە هاوکاری لە گەڵ ئێران دەتوانێت لە بەرژەوەندی ئابوری عێراق بێت./.









