بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ کەناڵی CNN هەمان لێدوانی پێشووی دژ بە ئێران دووبارە کردەوە و وتی کە ئەو ڕژێمانەی کە بیانەوێت دەستیان بە چەکی ناوەکی بگات، سەد ڕێکەوتنیش لە گەڵیان واژۆ بکرێت، بۆ ڕێگری لەوە یارمەتیدەر نابێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕژێمی زایۆنیستی خاوەنی زیاترین کڵاوەی ناوەکییە و زیاترین تاوانیش لە سەر دەستی ئەو ڕژێمە لە ناوچەکە ڕووی داوە. هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە هیچ پلانێکی بۆ دەستخستنی ئەو چەکانە نییە و لە ڕوانگەی ئائینی و ئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامیشەوە ئەو چەکانە قەدەغەکراوە و بەردەوام لە ڕێگای ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە داوای داماڵینی ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی دیکەی لەو چەکانە کردووە.
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە هێرشە درۆنییە شکستخواردووەکەی ئەسفەهان وتی کە من هیچ کات سەبارەت بە هێرشێکی تایبەت لێدوان نادەم، هەر جار کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەقینەوەیەک ڕوو بدات، ئیسرائیل بە ئەنجامدەر و تۆمەتبار دەناسرێت، هەندێک کات ئێمەین و هەندێک کاتیش ئێمە نین.
تەنیا چەند کاتژمێر پاش ئەو هێرشە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژوورناڵ لە سەر زاری بەرپرسانی ئەمریکی ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی و دەزگای هەواڵگری مۆساد بەرپرسی ئەو هێرشە بووە./.