بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: حکومەت و خۆم وەک سەرۆک کۆمار لە هەوڵی بەردەوامداین کە سفرەی خەڵک هێندە تووشی ناسەقامگیری نەبێت و ئەم ناسەقامگیرییەش لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە.
ناوبراو وتی: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بە چەند هۆکارێکە، وەک چۆن کە ئاژاوەگێڕییەکان کێشەی بۆ ژیان و بازرگانیی خەڵک درووست کرد، پەیام و کاریگەری نەرێنیشی لە سەر بازاڕ بە تایبەت نرخی دۆلار هەبووە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: یەدکی دراوی ئێران زۆر باشە و کێشەمان نییە، نەوتی ئێران هەناردە دەکرێت و پارەکەشی بۆ وڵات دەگەڕێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە کابینەی پێشوودا ڕێژەی گەشەی ئابوری سفر بووە بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی دەستبەکاربوونی کابینەی سێزدەیەم گەیشتە لە سەدا 5 و پاییزی ئەمساڵیش زیاتر لە سەدا 3 بووە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئامانجی گەیشتنی گەشەی ئابوری وڵات بە لە سەدا 8 دیاری کراوە، سەرەڕای هەموو هەڕەشە و سزاکان، گەشەی ئابوری لە ئێراندا دەبینرێت، بۆ بەڵێنی دابینکردنی یەک ملیۆن هەلی کار دوا نەکەوتووین، دەمانەوێت حکومەتێکی ڕاستگۆ بین و هەر بەڵێنێک کە بە خەڵک دراوە، جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە تا ئێستا زیاتر لە 3 هەزار یەکەی ئابوری پەکخراو، چالاک بووەتەوە و ئەمەش ڕۆڵی گرنگی لە دابینکردنی هەلی کار، وەبەرهێنان و هەناردەدا هەیە./.