بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوایین ئاماری بڵاوکراوەی گومرکی ئێران پیشان دەدات کە تا 30 ی کانوونی دووەمی 2023 زیاتر لە 97 ملیۆن و 834 هەزار تەن جۆرەکانی کاڵا و بەرهەمی ئێرانی بۆ 145 وڵاتی جیهان هەناردە کراوە کە بە بڕی زیاتر لە 43 ملیار و 87 ملیۆن دۆلار بووە.
ئامارەکە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 2.86 و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 19.06 بەراورد بە ماوەی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو گەشەی هەبووە.
ئەگەرچی کاڵای نانەوتیی ئێران بۆ 145 وڵاتی جیهان هەناردە کراوە بەڵام زیاتر لە سەدا 86 ی بۆ 10 وڵاتی چین، عێراق، تورکیا، ئیمارات، هیندستان، ئەفغانستان، پاکستان، عۆمان، ئەندونیزیا و ڕووسیا هەناردە کراوە.
لەو ڕیزبەندییەشدا چین بە زیاتر لە 11 ملیار و 854 ملیۆن دۆلار پلەی یەکەمی هەیە و بە پشکی لە سەدا 27.51 لەم بازاڕەدا، گەورەترین کڕیاری کاڵای ئێرانییە.
پاش چین، عێراق بە زیاتر لە 8 ملیار و 631 ملیۆن دۆلار، تورکیا بە 6 ملیار و 418 ملیۆن دۆلار و ئیمارات بە 4 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار لە پلەکانی دووەم، سێهەم و چوارەمی هاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمی ئێراندا ناویان هاتووە. عێراق پشکی لە سەدا 20.03، تورکیا پشکی لە سەدا 14.90 و ئیمارات پشکی لە سەدا 10.68 ی هاوردەی کاڵای ئێرانیان هەبووە./.