بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەعیم قاسم سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی لوبنان وتی کە دەبێت لە زووترین کاتدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێرین لە بەر ئەوەی کە چارەسەری سەرجەم قەیرانەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەگەڕێتەوە و پاش ئەوەش حکومەت پێک دەهێندرێت و حکومەتیش پلانی ڕزگارکردنی ئابوری و دارایی و کۆمەڵایەتی پەسەند دەکات و بەمەش وڵات دیسانەوە دەست بە جوڵە دەکاتەوە.
ناوبراو وتی: دەستێوەردانەکانی ئەمریکا کێشەکانی زیاتر کردووە و ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات لە ڕێگای گەمارۆ و سزاکانەوە خەڵک لە لوبنان و داهاتووەکەی بێهیوا بکات، ئێمە لەو بڕوایەداین کە چارەسەری قەیرانەکانی وڵات بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکرێت.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: تا ئێستا 11 دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەچووە بەڵام هیچ کاندیدێک لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە یەک لە سەر سێی دەنگەکان بە دەست بێنێت، هەندێک هەوڵ دەدەن ئێمە ناچار بە هێنانی کاندیدێک بکەن و دواتر بڵێین کە ئەو کاندیدە سەرکەوتوو نابێت و دەبێت کەسێکی دیکە دەستنیشان بکرێت.
نەعیم قاسم وتی: چارەسەر ئەوەیە کە پێکەوە کۆببینەوە و وتووێژ بکەین و سەبارەت بە کاندیدی هاوبەش و داهاتووی لوبنان و چارەسەری قەیرانەکان بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ بکەین.
وتیشی کە حزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی وەک بزوتنەوەی ئەمەل ئاسانترین ڕێگای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریان پێشنیار کردووە، لە بەر ئەوەی کە ئەم دوو بزوتنەوە بە ڕاشکاوانە قسە دەکەن و داوای یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەندێک لایەن تەنیا بیر لە مسۆگەربوونی ئامانجەکانی خۆیان دەکەنەوە و بە دڵنیاییەوە ئەمەش ڕوو نادات و هەمووان دەبێت لە بەرامبەر خەڵک بەرپرسیاریەتی قبووڵ بکەن./.