بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێسحاق هرتزۆگ سەرۆکی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی لە لێدوانێکدا کە وێنەی تا ئێستا نەبووە و بۆ یەکەم جارە لە سەر زمانی بەرپرسێکی باڵای ئەو ڕژێمە دەبیسترێت، بە وەبیرهێنانەوەی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی داوود و حەشمونیان کە زیاتر لە 80 ساڵ لە دەسەڵاتدا نەمانەوە، سەبارەت بە هەڵوەشانەوە و ڕووخانی ڕژێمەکەی لە چەند ساڵی داهاتوودا هۆشدارییدا.
ناوبراو سەبارەت بە نەبوونی دەرفەتی وتووێژ لە کۆمەڵگای زایۆنیستی وتی کە ئەم دۆخە دەگاتە هەڵوەشانەوەی ناوخۆیی کۆمەڵگا. وێڕای ئەوەی کە قەیرانی سیاسیی پاش ڕاگەیاندنی کابینەکەی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە و پلانەکەی بۆ چاکسازی لە دەزگای داد کە نەیاران بە چەشنێک لە کودەتا ناویان بردووە، دۆخی ناوخۆیی زایۆنیستەکانی کردووەتە بەرمیلێک بارووت کە هەر کات مەترسی تەقینەوەی لێدەکرێت.
سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی کە زۆربەی نەیاران بە بێدەنگی لە بەرامبەر کابینەکەی بنیامین نتانیاهۆ تۆمەتباریان کردووە، وتی: هەموومان نیگەرانی ئیسرائیلین، هەموومان پێی پابەندین، نەبوونی دەرفەتی وتووێژ لە ناوخۆوە بەرەو هەڵوەشانەوەمان دەبات، من بە ڕاشکاوانە دەڵێم کە ئەم بەرمیلە بارووتە بەرەو تەقینەوە دەڕوات، ئەمە قۆناغێکی هەستیارە و بەرپرسیاریەتی ئەمەش لە سەر شانی ئێمەیە.
ئێسحاق هرتزۆگ وتی: من بە چاوی خۆم کەلێنە ناوخۆییەکان دەبینم کە بەرەو قووڵتربوونەوە دەڕوات و تەنیا دەتوانم ئەوە وەبیر بێنمەوە کە دوو جار بە درێژایی مێژوو لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی داوود و حەشمونیان وڵاتێکی جولەکە لە سەر خاکی ئیسرائیل پێکهات و پێش گەیشتن بە هەشتا ساڵەیی دوو جار هەڵوەشایەوە.
ناوبراو وتی: چەندین هەفتەیە کە هەوڵ دەدەین لە قەیرانێکی مێژوویی دەستووری و پەرەسەندنی زیاتری کەلێنەکان ڕێگری بکەین.
لە کاتی دەستبەکاربوونەوەی بنیامین نتانیاهۆ وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی ڕژێمی زایۆنیستی وەک توندڕۆترین کابینەی مێژووی ئەو ڕژێمە، شارەکانی فەڵەستینی داگیرکراو بەردەوام بوونەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان./.