بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە میانەی بەسەرکردنەوەی بریندارانی هێرشە چەکدارییەکەی سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەجێ لە پاش ڕووداوەکە فەرمانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی دەرکردووە و ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە وەزیرانی ناوخۆ و هەواڵگری و هەروەها دەزگای هەواڵگری دەرەکی وەزارەتی دەرەوە و بەشی هەواڵگری سوپای پاسداران و فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایش بە دەستم گەیشتووە، خۆشبەختانە تاوانبارەکە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامە.
ناوبراو وتی: دوایین ئەنجامی لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان پیشان دەدات کە تاوانبارەکە بە ئامانجی کەسی ئەو هێرشەی کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران، هۆکارەکەشی بۆ دۆخی هاوسەرەکەی دەگەڕێتەوە، سەبارەت بەوەی کە ئایا هاوسەرەکەی لە ئازەربایجانە و چەندین مانگە کە ئەم کەسە نەیتوانیوە پەیوەندیی پێوە بکات یان دۆخێکی دیکەی هەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان درێژە بە لێکۆڵینەوەکان دەدەن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە لە ڕوانگەی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانەوە و بە پێی لێکۆڵینەوەکان، ئەو هێرشە ڕێکخراو و تیرۆریستی نەبووە و تەنیا بە ئامانجی کەسی کراوە./.