بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەخۆشی قۆڵۆن باوترین نەخۆشیی سەردەمە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خواردن و خۆراکانەی بۆ قۆڵۆن ناتەندرووستن یان حاڵەتی دەروونی وەک قەلەقی، دوودڵی، ڕاڕایی و توڕەیی و هەروەها کەم خەوی.
کەڵەشاخ چارەسەرێکی سرووشتی و تەندرووستە بۆ نەخۆشیی قۆڵۆن و گرنگی و سوودی زۆر باشی هەیە، چارەسەرە و بەسوودە بۆ قەبزی، غازات و هەوکردن.
کەڵەشاخی مەساجی، بە شێلان:
بریتییە لە مەساج کردن و شێلانی سک و ناوکی بە زەیتێکی سرووشتی وەک زەیتی نەعنا، زەیتی زەیتون، زەیتی وەنەوشە، زەیتی بادامی شیرین، زەیتی مێخەک و زەیتی زەنجەفیڵ.
ئەو زەیتانە میزاجیان گەرمە و دەبێت بە زەیتی زەیتون تێکەڵ بکرێن دواتر مەساجی جەستەی پێدەکرێت.
لە پێشدا دەبێت لە سەر پشت پاڵ کەوێت، دواتر مەساجی سک و ناوکی بۆ بکرێت، بە دەست مەساجێکی باشی بۆ دەکرێت بە یەکێک لەو زەیتانە ئاماژەیان پێدرا، دواتر بە کەڵەشاخی مەساجی بازنەی دەورانی بۆ دەکرێت. پاش مەساج بە کوپی کەڵەشاخ بە پێی ئەو نەخشەیەی زانستی توێکاری جەستەی مرۆڤ کە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری زپشکی کەڵەشاخ شوێنەکانیان دیاری کردووە. بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخی خوێناوی، بەڵام دەبێت لە پێشدا کەڵەشاخی مەساجی بۆ بکرێت دواتر ئەوی دیکە ئەنجام دەدرێت.
بەڵام وا باشە بە سێ جار کەڵەشاخی مەساجی و خوێناوی بۆ بکرێت لە سک و پشتی. نێوان هەر جارێک باشترە یەک مانگ بێت و لای کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی ئەنجام بدرێت، لە بەر ئەوەی بۆ هەر نەخۆشێک لە شوێنی تایبەت کەڵەشاخ ئەنجام دەدرێت.
لە گەڵ ئەنجامانی هەر جارێک دەبێت پابەندی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی کەڵەشاخ گرتن بێت و چارەسەری سرووشتی و گیایی بەکار بێنێت لە گەڵ ئەنجامدانی کەڵەشاخ وەک خواردنی:
کەوچکێکی زەڵاتەی زەیتون بەیانیان لە سەر سکی برسی بیخوات، زەیتی کەتانیش شەوان کاتی خەوتن یەک کەوچکی زەڵاتە بخوات.
کەپسول یان هاڕاوی سینەمەکی و ڕازیانە ئامادە بکات و بیخوات تا کۆتایی سێ جارەکە کە کەڵەشاخی بۆ دەکرێت و لە خواردنی بەردەوام بێت.
وەرزشکردن بە تایبەت مەلەکردن و هەروەها خەوتنی باش.
دوورکەوتنەوە لە خواردن و خۆراکە قەدەغەکراوەکانی قۆڵۆن و گەدە وەک:
ترشیات، بەهارات، پیاز بە کاڵی، باینجان، نیسک، خواردنەوە گازییەکان، پاقلەمەنی، کاڵەک، قەیسی، فەلافل، مریشکی دەواجین، ماسی حەوز، نەخواردنی خواردن لە کاتی توڕەبووندا، جگەرەکێشان، ئاو لە گەڵ خواردندا، زۆر خێرا نان خواردن، نان خواردنی شەوان و نووستن لە سەری، شتی سوورەوکراو، گۆشتی سوور بە تایبەت گۆشتی چەور، خواردنی سەرپۆشکراو، کافائین، چا، قاوە و نیسکافە و هەروەها ئەوەی پێی ناکەوێت لە خۆراکی ڕۆژانە.
دەبێت کەڵەشاخی مەساجی و خوێناوی تا سێ مانگ بۆی بکرێت، نێوانی جارەکان یەک مانگ بێت، لە گەڵ بەکارهێنانی دەرمانی گیایی سرووشتی و بەردەوام بێت تا هەر سێ جارەکە تەواو دەبێت.
بەڵام بۆ منداڵان بە تەنیا کەڵەشاخی مەساجیان بۆ دەکرێت لە سک و ناوک و پشتیان، ئاوی ڕازیانەیان بێ دەدرێت، یان یەک کەوچکی گەورەی خواردن هاڕاوی ڕازیانەیان پێ دەدرێت ڕۆژانە سێ ژەم پێش نان خواردن، بەڵام ڕۆژانە جارێک مەساجیان بۆ دەکرێت و شەوانیش کاتی خەوتن جارێک مەساجیان بۆ دەکرێت./.