بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لە گەڵ جەیحون بایرامۆف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی و ئیدانەکردنی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران، جەختیکردەوە کە نابێت موڵەتی ئەوە بدرێت ئەم ڕووداوە کاریگەری نەرێنی لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دابنێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان پێشنیاری ئەوەیکرد کە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم دۆسیەیە، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران و ئازەربایجان بە هاوکاری لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بکەن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەبایجانیش وێڕای دەستخۆشی لە پەیامی هاوخەمی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێشوازیی لە پێشنیاری هاوتا ئێرانییەکەی کرد بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی دامەزراوە ئەمنییەکانی هەر دوو وڵات لە سەر ئەم دۆسیەیە./.