بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی تەقی ئامرلی سەرۆکی فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە کە دەبێت سەبارەت بە پەیوەندییە ئابورییەکان لە گەڵ ئەمریکا هەنگاوی ڕوون هەڵبگیرێت.
ناوبراو وتی: دۆخی ئابوری و ئەو کێشانەی کە ڕوبەڕوی حکومەتەکەی سودانی بووەتەوە، گەورەیە و پێویستی بە ڕێکاری کرداری هەیە، بە تایبەت ئەوەی کە گوشارەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر کەرتی ئابوری هەبووە و بووەتە هۆی تێکچوونی نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق بە ئاماژە بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دۆخە لە سەر بازاڕ و بژێوی خەڵک بە تایبەت چینی هەژار و کەم داهات، وتی: بەرپرسان دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار و پاڵپشتی لە دراوی نیشتمانی هەنگاوی پێوتست بنێن، بە تایبەت کەڵک وەرگرتن لە دینار لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران، تورکیا و سوریا.
ناوبراو جەختیکردەوە کە دەبێت لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە دراوێکی دیکە وەک جێگرەوەی دۆلار کەڵک وەربگیرێت و وتی: بۆ ئەوەی کە پێویستی بە دۆلار کەم بێت، عێراق دەبێت لە بازاڕەکانی یۆرۆ، ڕووسیا و چین بۆ فرۆشتنی نەوت و کڕینی کاڵا کەڵک وەربگرێت.
مەهدی تەقی ئامرلی وتی: عێراق دەبێت بەپەلە جوڵەکانی دەست پێبکات و گوشار لە سەر واشنتن دابنێت کە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی پابەندی بەڵێنە ئابوری و داراییەکانی خۆی بێت و بە پێچەوانەی ئەمەش بەغدا دەبێت بەرەو هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێکەوتنە بڕوات./.