بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی پێشکەشکردنی پرۆژەپێشنیاری یاسای بودجەی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی لە پەرلەمان ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەموو دوژمنایەتی و پیلانگێڕییەکان، ئامادەبوون و پشوودرێژیی خەڵک وایکردووە دوژمنان شکست بێنن.
ناوبراو سەبارەت بە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا لە دژی سوپای پاسداران وتی: هیچ سوپا و هێزێکی چەکدار هێندەی سوپای پاسداران لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم سەرکەوتوو نەبووە، ئەمەش لە لایەن وڵاتانی جیاجیای جیهانەوە دانی پێدا نراوە و تەنانەت بەرپرسانی باڵای سەرتاسەری ناوچەکەش دانیان بەوەدا ناوە کە سوپا لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم ڕۆڵی یەکەمی بووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هەر لەم ماوەیەدا بە چەندین جار بەرپرسانی ناوچەکە بە ئێمەیان ڕاگەیاند کە ئەگەر سوپا، شەهید حاجی قاسم سولێمانی و تێکۆشانەکانی سوپا نەدەبوو، ئێستا هەلومەرجی ناوچەکە شوازێکی دیکەی دەبوو.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ستایشی کار و چالاکییەکانی سوپای پاسدارانی کرد و وتی: ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە دژی سوپای پاسداران بڕیار دەدەن، لە پاڵپشتیکردنی خەڵک لە لایەن سوپاوە توڕەن، بەڵام هەوڵەکانی ئەوان وەک هەمیشە چارەنووسی شکست دەبێت./.