بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیرسەعید ئیروانی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە فەڵەستین، وتی: ساڵی ڕابردوو ساڵێکی پڕ لە ڕووداو لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بوو، لە بەر ئەوەی کە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی فەڵەستینییەکان بەردەوام بوو و لە ئەنجامی ئەمەش گەلی فەڵەستین بە تایبەت ژنان و منداڵان لە مافە یاساییەکانی خۆیان بێبەش بوون.
ناوبراو وتی کە کەرتی غەززە بە هۆی گەمارۆ دژە مرۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بووەتە گەورەترین گرتووخانەی جیهان.
ئیروانی وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر لە 70 ساڵە کە لە تاوانەکانی بەردەوامە، ڕەگەزپەرستی لە دژی فەڵەستینییەکان هێشتا بەردەوامە و داگیرکاری کۆتایی نەهاتووە، بە هۆی سیاسەتی بەردەوامی درووستکردنی شارۆچکەکان لە لایەن ئەو ڕژێمەوە کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەدەغەیە، دەرفەتی دامەزراندنی وڵاتێکی فەڵەستینی ئەستەم و تەنانەت بێ واتا بووە.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین کە کێشەی فەڵەستین تەنیا کاتێک چارەسەر دەکرێت کە کۆتایی بە داگیرکاری بهێندرێت و مافی ڕەوای گەلی فەڵەستین لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بە تەواوی بە فەرمی بناسرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سەروەریی فەڵەستین لە سەر تەواوی خاکەکەی بەڵام تا کاتێک ئەنجومەنی ئاسایش بێدەنگ بێت، جێبەجێکردنی ئەمەش ئەستەم دەبێت.
ئەمیرسەعید ئیروانی وتی کە هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەدەر لە هاندان و پاڵپشتی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ بەردەوامیدان بە داگیرکاری و تاوانی دڕندانە لە دژی گەلی فەڵەستین شتێکی دیکە نەبووە./.