بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” اللواء ” ی لوبنان لە هەلومەرجێکدا کە ئەم وڵاتە کێشەی کەمبوونی سووتەمەنیی هەیە، لە نووسینێکدا بابەتی پیلانەکانی ئەمریکای بۆ تاڵانکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان و بێبەشکردنی گەلانی ناوچەکەی تاوتوێ کردووە.
لەو نووسینەدا کە ” باسم مەجزوب ” بە ناوی ” نێعمەت یان نفرین، سوریا لە پاش ڕووسیا و ئێران سێهەم یەدەکی غازی جیهانی هەیە ” جەخت کراوەتەوە کە هۆی پێداگریی ئەمریکا بۆ مانەوە لە ناوچەکە شتێک نییە بەدەر لە زاڵبوون بە سەر سەروەت و سامانەکانی نەوت و غاز و تاڵانکردنیان.
ڕۆژنامەکە بە ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتانە کۆمەڵە دەریا و ڕێڕەوێکی گرنگ و ستراتیژییان لە کۆنتڕۆڵدایە کە سەرچاوەکانی نەوت و غازی ناوچەکە دەگەێننە وڵاتانی خاوەن پیشەسازی و زلهێزەکان و ئەمەش بە هۆکاری سەرەکی دەستێوەردان و پیلانگێڕیی وڵاتانی گەورەی جیهان لە ڕۆژئاوای ئاسیا دادەنرێت.
لە درێژەی نووسینەکەی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە شۆڕشەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی و تیرۆریزم لە ئەنجامی ئەو ململانێ و ئاڵۆزییانەیە کە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لەم ناوچەیە جێبەجێیان کردووە و ناوەڕۆک و ئامانجەکەشی زاڵبوونی ڕاستەوخۆیە بە سەر سەرچاوەکانی ناوچەکە و لەم چوارچێوەدا هەندێک دەسەڵاتداری وڵاتانی ناوچەکە بە هۆی لاوازی و گوێڕایەڵی خۆیان بەستێنی دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوایان دابین کردووە.
بە بۆچوونی نووسەر، دەستێوەردانی نایاسایی و ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە سوریا کە هیچ بڕیاری کشانەوە و کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی لەو وڵاتەدا نییە، نموونەیەکە لە گرنگیی ئەم ناوچەیە بۆ ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی.
توێژینەوەکان و دۆزینەوەکانی ساڵی 2017 پیشان دەدات کە یەدەکی غازی سوریا و بە تایبەت لە ناوچەکانی تەدمۆڕ، قارە، کەناراوەکانی تەرتوس، بانیاس و لازقیە لە گەورەترین کێڵگە غازییەکانی ناوچەکەیە. هەر بۆیە یەدەکی غازی وشکانی و ئاویی سوریا نزیکەی 28 تریلیۆن مەتری سێجا خەمڵێندراوە کە ئەم وڵاتەی کردووەتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاش ڕووسیا و ئێران دەتوانێت لە پلەی سێهەمدا بێت، بە شێوازێک کە شوێنی ئێستای قەتەر لە ڕیزبەندیی وڵاتانی دەوڵەمەند بە غازی سرووشتی دەگرێتەوە.
ڕۆژنامەی اللوای لوبنان هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەتوانین بە هۆکاری ئەم هەموو هێرش و دەسدرێژی و دوژمنایەتییەی وڵاتانی زلهێزی جیهان لە دژی سوریا بگەین، بە تایبەت ئەوەی کە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی سوریا بەراورد بە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس لە بازاڕە جیهانییەکانەوە نزیکە و گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی گەورە تێچووی کەمتری دەوێت.
نووسەر ڕایگەیاندووە کە بەهاری عەرەبی لە میسر و ئەوەی کە ئەمرۆ لە لوبنان دەبینرێت لە پێناو ئەم پیلان و نەخشەی وڵاتانی ڕۆژئاوایە، سەرەڕای ئەمەش ئەگەرچی ئیسرائیل ئاوەکانی لوبنان و میسری داگیر کردووە بەڵام پشکی سەرچاوەکانی غازی سوریا، لوبنان و میسر لە پشکی ئەم ڕژێمە زیاترە.
اللوا ڕایگەیاندووە کە ڕێگای گەیشتن بە خەزێنە ئەستەم و پڕکێشەیە و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەبێت ڕوبەڕوی هەموو جۆرە پیلان و نەخشەیەکی دەستکرد ببیتەوە، واتە لە ئێستادا شەڕی نەوت هەیە و تێیدا سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتان تێکەڵ بووە تا کاریگەری لە سەر بازاڕی جیهانی دابنێن.
نووسەر بە ئاماژە بەوەی کە چەکی نەوت بووەتە چەکێکی بکوژ و ئەوەی کە خاوەنی ئەم چەکەیە، دەبێت هەوڵی ڕزگاربوونی وڵات و خەڵک لە کێشە ئابورییەکان بدات، ڕایگەیاندووە کە سەرچاوەی سەرەکی ئەم کێشە و قەیرانانەی ئێستاش ئەو زلهێزانەن کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە، تەنانەت ئەگەر تێچووەکەشی گیان و خەڵکی وڵاتانی دیکە بێت./.