بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە چاوپێکەوتنی زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە شاری بەیروت، جەختی لە سەر بەهێزبوون و کاریگەری بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی و پیلانەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی کردەوە و وتی: لە هەر شوێنێک کۆماری ئیسلامی ئێران، خۆڕاگری و فەڵەستین لە گەڵ یەکتر بن، دەتوانن هاوکێشەکان بەرەو گۆڕانکاری ببەن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ڕژێمی زایۆنیستی سەرچاوەی سەرەکی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییە لە ناوچەکە و ناسنامەی ڕەگەزپەرستی و توندڕۆیی حکومەتی نوێی ئەو ڕژێمەش بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە و ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە گەڵ زایۆنیستەکانی داگیرکار بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات.
زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیش لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: خۆشبەختانە گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستینی یەکڕیزییەکی کەم وێنەیان لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی هەیە و لە خاڵی بەرامبەریش، دوژمن لە لاوازترین دۆخی مێژووی خۆیدایە.
ناوبراو وتی: خۆڕاگری ئامادەیی تەواوی بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی خۆی هەیە و سەرکەوتنە بەردەوامەکانی ئێرانیش لە ناوچەکە بووەتە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵی خوڵقاندنی کێشە بۆ کۆماری ئیسلامی بدەن.
نەخالە وتی کە تەنیا هێزێک کە دەتوانێت لە گۆڕەپانەکە و بە شێوازی ڕاستەقینە هاوکێشەکانی فەڵەستین بگۆڕێت، خۆڕاگرییە./.