بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ هەینی 13 ی کانوونی دووەمی 2023 لە بەیروت لە گەڵ نەبی بێری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا بەدەر لە ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە دوایین دۆخی سیاسی لوبنان، چەندین پرسی پەیوەندیدار بە تایبەت لە بواری ناوچەیی و نێودەوڵەتی وتووێژی لە سەر کرا.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەو کۆبوونەوەدا وتی کە ئێمە لە بەیروتەوە جارێکی دیکە جەخت لە سەر پاڵپشتی خۆمان بۆ سەقامگیری بەردەوامی ناوخۆیی و تەواوکردنی پرۆسەی سیاسی لە لوبنان لە ڕێگای وتووێژی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی دەکەینەوە.
ناوبراو وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پاڵپشتیی لە ئاسایش و سەقامگیری لوبنان کردووە و ئەمەش لە بەرژەوەندی تەواوی ناوچەکەدا دەزانێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی لوبناندا نییە بەڵام ئەگەر پێویست بکات ئامادەی هەموو هاوکارییەک بۆ ئەم وڵاتە دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: بە هەر ڕێژەیەک کە بتوانین ئاستی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان بەرز بکەینەوە، لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵاتدا دەبێت.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا نەبی بێری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بە ئاماژە بە دۆخی سیاسی وڵاتەکەی وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو کات هاوکاری لوبنانی کردووە و ئێمە دەستخۆشی لەو هاوکارییانە دەکەین.
ناوبراو وتی کە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران و لوبنان بواری جیاجیا هەیە و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانیش بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات دابین دەکات./.