بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە مەبەستی چاوپێکەوتنی بەرپرسانی باڵای لوبنان شەوی پێنج شەممە بە یاوەری شاندێک گەیشتە بەیروت، بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە سەردانەکەی لە سەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی لوبنان و بە ئامانجی وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا سەبارەت بە دۆخی ناوچەیی، نێودەوڵەتی و بە تایبەت دوایین گۆڕانکارییەکانی فەڵەستین بووە.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو توانایەکەوە درێژە بە پاڵپشتییەکانی بۆ گەل، حکومەت، سوپا و خۆڕاگریی لوبنان دەدات.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی لوبنان دەکەین کە لە ڕێگای وتووێژ و ڕێکەوتنەوە لە زووترین کاتدا سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێرن و پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەیان تەواو بکەن.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: گومان لەوەدا نییە کە لایەنە سیاسییەکانی لوبنان دەتوانن بە بێ دەستێوەردانێکی دەرەکی سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێرن.
ئەمە سێهەم سەردانی ئەمیر عەبدوڵڵاهیانە بۆ لوبنان وەک وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران./.