بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەردانی لوبنانی کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، وتی: ئێران ئامادەی هاوکاریکردنی لوبنانە بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبا و تاران وەک دۆستی بەوەفای لوبنان دەمێنێتەوە.
ناوبراو وتی کە لە گەڵ عەبدوڵڵا بوحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و گەشتیاری وتووێژ کراوە و لەم پێناوەشدا چەندین ڕێکەوتن کراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی کە تاران ئامادەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆیە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ لوبنان.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێران بە ئاشکرا لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی پاڵپشتی لە خۆڕاگریی لوبنان و فەڵەستین دەکات.
ناوبراو وتی کە تاران هیچ دەستێوەردانێکی لە کاروباری ناوخۆیی لوبنان نییە و پێشوازی لە وتووێژی لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە دەکات و دڵنیایە کە ئەوان دەتوانن کێشەکان بە تایبەت هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چارەسەر بکەن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازیی لە دانوستانەکانی نێوان تورکیا و سوریا کرد و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە ناوی برد.
ڕاشیگەیاند کە ئێران و سعوودیە لە کۆنگرەی بەغدا – 2 لە ئەردەن سەبارەت بە وتووێژی هاوبەش کە بگاتە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، گەیشتوونەتە ڕێکەوتن./.