بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مامۆستا فایەق ڕۆستەمی لە وتاری هەینی شاری سنە وتی کە ئیهانەکردن بە پیرۆزییەکانی موسڵمانان وەک ئیهانەکردنە بە پیرۆزییە مرۆییەکان و دەبێت لە لایەن کۆمەڵگای مرۆییەوە ئیدانە بکرێت.
ناوبراو وتی کە بە توندی ئیدانەی ئەوە دەکەین کە لە لایەن شارلی ئێبدۆ و کاربەدەستەکانیەوە کرا و داوای سزادانی ئەوانیش دەکەین.
مامۆستا ڕۆستەمی وتی: شارلی ئێبدۆ ئیهانەی بە ملیۆنان موسڵمان و کەسانی ئازادیخواز کرد و ئەمەش سیاسەت و هەڵسووکەوتی دووفاقیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت فەرەنسا بۆ هەمووان ڕوون دەکاتەوە.
وتارخوێنی هەینی سنە وتی: ئەمە پرۆژەیەکی شکستخواردووی دوژمنانە کە بە دڵنیاییەوە لاوازی و لەناوچوونی دوژمنانی ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی خێراتر دەکات.
مامۆستا فایەق ڕۆستەمی وتی: خەڵکی موسڵمان و ئیماندار، زانایان و مامۆستایانی پارێزگای کوردستان لە گەڵ ئازادیخوازەکان و موسڵمانانی دیکە، وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کار و ناپاکییەی دوژمنانی ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی، ئامادەی بەرگرین لە ئامانج و پیرۆزییەکانی ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی ئێران./.