بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەباح زەنگەنە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی یارییەکانی تۆپی پێی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس لە بەسرەی عێراق و بەکارهێنانی ناوێکی تەزویر بۆ کەنداوی فارس، وتی: وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس هەوڵ دەدەن لە هەر ڕووداو و بابەتێک بۆ ڕاکێشانی عێراق بەرەو خۆیان و تێکەڵبوونی زیاتری بە جیهانی عەرەبەوە کەڵک وەربگرن.
ناوبراو وتی: عێراق وڵاتێکی عەرەبییە و پێکەوەبوونی لە گەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی، بابەتێکی ئاساییە بەڵام چەندین لایەنێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە کەلێن و ناکۆکی بکەوێتە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا.
زەنگەنە لە درێژەدا وتی: عێراق وەک پردی پەیوەندی لە نێوان ئێران و وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری لە سوریا و لوبنانەوە تا فەڵەستین ڕۆڵێکی کەم وێنەی لە پەیوەندییە ناوچەییەکانی ئێراندا هەیە. پاش بە دەسەڵات گەیشتنی محەممەد شیاع سودانی کە لە بنەڕەتدا بۆ ڕەوتە سیاسییەکەی نوری مالیکی دەگەڕێتەوە، باس لەوە دەکرا کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا بەرەو بەهێزبوون و گەشەی زیاتر لە سەرجەم بوارەکان دەڕوات بەڵام بەکارهێنانی ناوێکی تەزویر لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ کەنداوی فارس گومانی ئەوەی درووست کردووە کە ئایا ئیرادەی عێراق بۆ بەردەوامی و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران تووشی کێشە و ئاستەنگ بووەتەوە.
ئەو شرۆڤەکارەی کاروباری جیهانی عەرەب وتی: وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس لە ساڵانی ڕابردوو بە چەندین بیانووی جیاجیای وەک نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری ئەمنی، بەشدارییان لە هیچ یاری و کێبڕکێیەکی وەرزشی بە میوانداری عێراق نەدەکرد و ئەمەش بە جۆرێک عێراقی بێهیوا کردبوو. لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مۆندیالی قەتەر کاریگەرییەکی نەرێنیی لە سەر عێراقییەکان هەبوو، هەر بۆیە بەڕێوەچوونی ئەم خولەی یارییەکانی تۆپی پێی وڵاتانی عەرەبی ئەگەرچی بەراورد بە مۆندیالی جیهانی لە قەتەر لە ئاستێکی بچووکتردایە بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە عێراق داناوە.
سەباح زەنگەنە میوانداری بیست و پێنجەمین خولی یارییەکانی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەی لە لایەن عێراقەوە لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە بۆ ئەم وڵاتە بە گرنگ ناو برد و وتی: عێراقییەکان و بە تایبەت سیاسییەکانی ئەم وڵاتە هەوڵیان داوە بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە وەرزشییە بکەنە دەرفەتێک بۆ باشترکردنی پێگە و ڕواڵەتی وڵاتەکەیان و تەنانەت لە ئاستێکدا بووە کە عێراق سەرەڕای هەستیاریی ئێران لە سەر ناوی تەزویری کەنداوی عەرەبی مانۆڕی داوە لە بەر ئەوەی کە بەهێزبوون و کاریگەریی زیاتری عێراق لە جیهانی عەرەب بۆ ئەوان ڕەنگە گرنگتر بێت.
زەنگە لە کۆتاییدا وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی ستراتیژی کە هەندێک ڕووداوی وەک یارییەکانی بەسرە یان تویتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەکارهێنانەوەی هەمان ناوی تەزویر ناتواێت کێشە بخاتە بەردەم پەیوەندییەکان و عێراقیش هەوڵی ئەوە نادات کەلێن و ناکۆکی لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێراندا بێت./.