بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان بە وەکالەت، کردەوە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی چوارشەممەی بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی ئیدانە کرد و وتی: تیرۆریزم دوژمنی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکەیە و تیرۆریستان لە پێناو ئامانج و پیلانەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە کوشتنی کەسانی بێ تاوان هەوڵ دەدەن کە وڵاتانی زاڵم و چەوسێنەر بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بکەن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەوەی کە دوێنێ لە کابوڵ ڕوویدا و لە ماوەی ڕابردووش لە شاری شیراز بینرا، یەک سەرچاوەی هەیە و بۆ ڕوبەڕوبونەوەشی دەبێت سیاسەتێکی یەکگرتوو پەیرەو بکەین و پێویستە بە هەموو هێزێکەوە لە بەرامبەر تیرۆریستان هاوکاری بکەین.
ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان بە وەکالەت لەو وتووێژەدا وێڕای دەستخۆشی لە پەیوەندی و هاوخەمییەکەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی لە سەر برایەتی و دۆستایەتی گەلانی ئێران و ئەفغانستان کردەوە و ڕایگەیاند کە هاوکاری وڵاتانی دراوسێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم بە پێویست دادەنرێت./.