بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە 4 تیمی سیخوڕی – تیرۆریستیی مۆساد دەستبەسەر کراون و بەمەش کۆی گشتی ئەو تیمانەی لەم ماوەیەدا دەستبەسەر کراون، گەیشتووەتە 6 تیم.
لەو هەڵمەتەدا 23 کەس لە ئەندامان و ئەوانەی پاڵپشتییان لەو 4 تیمە کردووە، لە پارێزگاکانی تاران، ئەسفەهان، یەزد، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و گوڵستان ناسنامەیان ئاشکرا کراوە و تا ئێستا 13 کەس لەوان کە لە ناوخۆی وڵاتدا بوون دەستبەسەر کراون.
کەسی یەکەمی ئەو تۆڕە تیرۆریستییە بە ناوی سیروس لە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپیدایە و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندیی بە کەسانی ناوخۆییەوە کردووە.
ئەمەش دووەم شکستی هەواڵگریی ڕژێمی زایۆنیستییە لە ماوەی کەمتر لە 6 مانگی ڕابردوو کە وەک هەمیشە ڕوبەڕوی وەڵامی بەهێزی ڕۆڵە ئازا و بەهەڵمەتەکانی پارێزەری ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتەوە./.