بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی ئەمڕۆ دووشەممە 9 ی کانوونی دووەمی 2023 لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان، وتی: ئەگەر لە ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو بە تایبەت لە سوریا و عێراق ورد ببینەوە، دەبینین کە دوژمنان چییان بەرامبەر بە موسڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی کردووە، ئەگەر سەردانی ئەو وڵاتانە بکەن شارەکان بە ڕووخاو دەبینن و تەنانەت دەنگی یاری منداڵان نابیسترێت.
ناوبراو وتی: بەرهەمی بوونی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە ناوچەکەی ئێمە برسێتی، ئاوارەیی و هەژارییە، ئێمە ئەم هەلومەرجەمان بینیوە، لە یەمەن، ئەفغانستان، سوریا، عێراق و فەڵەستین ئەنجامی بوونی دوژمنان لە وڵاتانی ئیسلامی دەبینین و ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەوان دە هێندە دوژمنایەتی گەلی ئێران دەکەن.
فەرماندەی سوپای پاسداران لە درێژەدا وتی: دوژمنان لە چەند مانگی ڕابردوو لە پیلانگڕی و شەڕێکی جیهانیدا هەوڵیان دەدا خوێندنگەکان، زانکۆکان و ناوەندە ئابورییەکانی خەڵک و وڵات دابخەن، بەڵام گەنجان، ژنان و کچانی ئێرانی هاوکاری ئەوانیان نەکرد و نەخشەکانی ئەوانیان ڕوبەڕوی شکست کردەوە.
فەریق سەلامی بە ئاماژە بە تاوانەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان وتی: هەندێک بوونەتە بڵندگۆی بێگانەکان و گەنجان بەرەو گۆڕەپانی ئاژاوەگێڕی بانگهێشت دەکەن و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەیانەوێت ئێران بڕووخێنن و ڕێگری لە پێشکەوتنی وڵاتی ئێمە بکەن، هاوشێوەی ئەوەی کە لە گەڵ سوریا، عێراق و یەمەن جێبەجێ کراوە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: شەهیدان بە خۆڕاگری و گیانفیدایی و بەوپەڕی بەهێزییەوە ڕێگرییان لە مسۆگەربوونی ئامانجەکانی دوژمن کرد، ئەڵبەت شەڕ بەردەوامە و دوژمن ئارام نییە بەڵام ئێمە شکستی دەدەین و ئارامی دەکەین، ئەوان وایان دەزانی کە دەتوانن ئەم دەسەڵاتە بەهێزە بشکێنن بەڵام لە لوتکەی ئەو خەیاڵەیان شکستیان هێنا./.