ڕەنگە هەندێک ستایشی ئەم شێوازەی کارکردنی گۆڤارە فەرەنسییەکە بکەن و بە بوێرانە ناوی ببەن، لە بەر ئەوەی کە هەر هێڵێکی سوور دەبەزێنێت و بە پاساوی ئازادی ڕادەربڕین ڕوبەڕوی هەموو ڕەخنەکانیش دەبێتەوە.
ئەمە وێنەی شارلی ئێبدۆیە کە بەداخەوە فەرەنسییەکان و هەندێک لە فریودراوەکان لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش شانازیی پێوە دەکەن.
ئەگەر لە سیاسەتی چالاکیی ئەم گۆڤارە ورد ببینەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بڵاوبوونەوەی کاریکاتێری سووکایەتی بە پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) لە ساڵی 2015 و هەروەها بڵاوبوونەوەی کاریکاتێری سووکایەتیکردن بە مەرجەعیەتی ئائینی لەم کاتەدا ناتوانین وەک ئەوەی کە ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا بانگەشەی بۆ دەکات، لە ڕیزی چالاکییەکانی بە ناو ئازادی ڕادەربڕین دابنێین، بەڵکوو دەبێت وەک پیلانێک ناوی ببەین، لە بەر ئەوەی کە حکومەتی فەرەنسا تا ئێستا و بە دڵنیاییەوە بۆ داهاتووش موڵەتی ئەوە نادات میدیاکان و چاپەمەنییەکانی ئەو وڵاتە تاوانەکانی ئەو ڕژێمە بە درێژایی مێژوو باس بکەن بەڵکوو ئازادی ڕادەربڕین لە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا، هەموو پیرۆزییەکانی خۆی لە دەست دەدات.
دەبێت پرسیار لە کاربەدەستانی گۆڤاری شارلی ئێبدۆ بکرێت کە ئایا دەتوانێت ڕەخنە لە مێژووی بزوتنەوەی زایۆنیزم بگرێت یان کاریکاتێر لە سەر هۆلۆکۆست بڵاو بکاتەوە؟
بێگومان وەها توانایەکی نییە کە تەنانەت بە یەک وشە باسی بکات یان شتێک بڵاو بکاتەوە. لەو کاتەی کە لە خوێندنگەکانی فەرەنسا چارشێوەی سەری کچانی موسڵمانیان فڕێ دەدا، ئازادی ڕادەربڕینی شارلی ئێبدۆ لە کوێ بوو؟ لەو کاتەی کە بە بیانووی سەرپۆش ژنانی موسڵمانیان لە خوێندنگەکان، زانکۆکان، فەرمانگەکان و کارگەکانی فەرەنسا دەردەکرد، شارلی ئێبدۆ لە کوێ بوو؟ ئایا ئەمە دووڕوویی نییە؟
بەرپرسانی فەرەنسا بانگەشەی ئازادی ڕادەربڕین دەکەن و هەر کەسێک کە دژی بۆچوونەکانی ئەوان بێت یان جلوبەرگی بە پێچەوانەی خواستی ئەوان بێت، سەرکوت دەکەن. ئایا ئەمە پیشاندەری فاشیزمی بەرپرسانی فەرەنسا نییە کە دەیانەوێت ڕا و بۆچوونی خۆیان بە سەر هەموواندا بسەپێنن.
بە تەواوی ئاشکرایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەو ڕاستییە گەیشتوون کە بەرەی خۆڕاگری کە لە ئێران تا عێراق، سوریا و لوبنان درێژەی هەیە و بە یەمەن تەواو دەبێت، سەرەڕای تیرۆری فەرماندەکانی بە ناوی شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بەردەوام بەرەو گەشەسەندن و بەهێزبوون دەڕوات. بەم هۆیەوە و لەوپەڕی ناپاکیدا کەسێکی وەک ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە لایەنگری سەرەکی سەرکەوتنەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکە و هەروەها هۆکاری سەرەکی شکست و پاشەکشەکانی بەرەی ئەمریکا – ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی عەرەبیی شوێنکەوتووی ئەوانە، بێ ئاگا لەوەی کە بەکارهێنانی گۆڤارە بەدناوەکەی شارلی ئێبدۆ، لاوازیی ئەوان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی خۆڕاگری زیاتر ئاشکرا دەکات./.