بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەک شەممە 8 ی کانوونی دووەمی 2023 لە میانەی وەرگرتنی نامەی دەستبەکاربوونی ئەلکسی ددۆف باڵیۆزی نوێی ڕووسیا لە تاران، پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی بە ستراتیژی ناو برد و جەختیکردەوە کە ئێران و رووسیا بەستێنی زۆر باشیان بۆ هاوکاری دووقۆڵی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە بەرفراوانبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا، جەختی لە سەر پتەوبوونی هاوکارییە ستراتیژییەکانی هەر دوو وڵات لە بواری ئابوریدا کردەوە.
ئەلکسی ددۆڤ باڵیۆزی نوێی ڕووسیاش لە تاران وتی کە هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا وڵاتانی ڕۆژئاوای لە سیاسەتی گەمارۆ و سزاکان بێهیوا کردووە./.