بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد موحی جەختی لە سەر سزادانی سەرجەم تاوانبارانی دۆسیەی تیرۆری شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس کردەوە و وتی کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بە هەڵهاتنی ناتوانێت خۆی لە دادگاییکردن و سزای دادپەروەرانە دەرباز بکات.
وتەبێژی کەتائیبی حزبوڵڵا وتی: ئەمریکا و هەندێک لایەنی ناوخۆیی ئاستەنگ دەخەنە بەردەم پرۆسەی یاسایی لەم دۆسیەیە و بە دڵنیاییەوە کە تاوانبارانی گەورە و بچووک لە دۆسیەی تیرۆری شەهیدانی فەرماندە دەبێت سزا بدرێن.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕۆڵی شەهیدان سولێمانی و موهەندیس لە دامەزراندنی حەشدی شەعبی وتی: ئەگەر ئەم دوو شەهیدە نەدەبوون حەشدی شەعبی بوونی نەدەبوو، ئەوان گرووپەکانی خۆڕاگرییان لە ژێر چەترێکی یەکگرتوودا کۆکردەوە و بە کۆکردنەوەی هەوڵ و تواناکان، ژوورێکی عەمەلیاتیان بۆ بەڕێوەبردنی شەڕەکان کردەوە و حەشدی شەعبییان دامەزراند کە بووەتە دامەزراوەیەکی سەربازی لە پێناو پاڵپشتیکردنی گەلی عێراق و سەرکەوتن و توانای ئەم هێزەش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پیلان و قەیرانەکانی ئەمریکا و بەکرێگیراوەکانی سەلمێندراوە.
محەممەد موحی وتی: شەهیدانی فەرماندە لە هەمان ساتە سەرەتاییەکانی شەڕی دژ بە داعش و ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان جەختیان لە سەر یەکڕیزی نیشتمانی و بەشداری سەرجەم چین و توێژەکان لەو شەڕەدا کردەوە و بەو هۆیەوە شێعە، سوننە، ئێزدی، مەسیحی، عەرەب، کورد، تورکمان و هەموو عێراقییەکان لە پرۆسەکانی ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان بەشدارییان کرد.
ئەو بەرپرسەی کەتائیبی حزبوڵڵا سەبارەت بە تۆڵەی خوینی شەهیدانی سەرکەوتن وتی: هیچ وەڵامێک ناتوانێت لە ئاستی تاوانەکەی ئەمریکا و هاودەستەکانیدا بێت بەڵام تۆڵەی خوێنی شەهیدان وەک ئەرکێک لە سەر شانی ئێمەیە و وەک چۆن کە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی هاوکێشەی تۆڵەسەندنەوەی وەک دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا دیاری کردووە و ئێمەش لەم پێناوەدا هەوڵ دەدەین و بە دڵنیاییەوە دەرکردنی ئەو هێزانە و پاشان لەناوچوونی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە ڕوو دەدات./.