بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی زایۆنیستیی جرۆزاڵم پۆست ئەنجامی ڕاپرسیی لە دانیشتوانی 14 وڵاتی عەرەبی سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب بڵاو کردووەتەوە.
ئەو ڕاپرسییە لە دانیشتووانی وڵاتانی قەتەر، کوێت، سعوودیە، جەزایر، مۆریتانی، فەڵەستین، ئەردەن، لیبیا، عێراق، تونس، لوبنان، میسر، سودان و مەغریب کراوە.
ڕاپرسییەکە سەبارەت بە ڕەزامەندی یان دژایەتی ئەوان بۆ بە فەرمی ناسینی ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بووە کە لە سەدا 84 ی ئەوانەی پرسیاریان لێکراوە دژی بوون و لە سەدا 8 ڕەزامەندییان پیشان داوە و لە سەدا 8 ی دیکەش وەڵامێکی ئەوتۆیان نەبووە.
لە وڵاتی جەزایر هیچ یەک لەوانەی پرسیاریان لێکراوە ڕەزامەندییان لە سەر پەیوەندی دیپلۆماسی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەرنەبڕیووە و لە سەدا 99 ی ئەوانیش دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ئەو ڕژێمە بوون.
هەر بە پێی ڕاپرسییەکە، لە سەدا 53 ی دانیشتووانی وڵاتانی عەرەبی تێڕوانینی نەرێنییان لە دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە دۆسیەی فەڵەستین هەبووە.
5 وڵاتی عەرەبیی مەغریب، میسر، ئەردەن، ئیمارات و بەحرەین پەیوەندی فەرمییان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەیە و سودان کە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی واژۆ کردووە، بۆ پەسەندکردنی لە پەرلەمان کە هێشتا پێکنەهێنراوە، چاوەڕوانە./.