بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵیادی تیرۆری شەهید حاجی قاسم سولێمانی فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، ژمارەیەک کەسایەتی و بەرپرسی باڵای لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی خەڵک بەشدارییان کرد.
محەممەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیاڵ دیمۆکراتی کوردستان، کامیل حاجی عەلی لە سەرکردە باڵاکانی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، عەدنانی حەمەی مینا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، محەممەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، سەید ئەحمەد بەرزنجی یاریدەدەری سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاروباری ئائینی، هۆشیار عومەر عەلی ڕێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و چەندین بەرپرس و نوێنەری دیکەی لایەنەکان لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهید سولێمانی بەشدارییان کرد.
محەممەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیاڵ دیمۆکراتی کوردستان لەو ڕێوڕسمەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە حاجی قاسم تەنیا کەس و دەوڵەت بوو لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی شەڕی داعشدا لە گەڵ ڕاوێژکاران و شارەزایانی بواری سەربازیدا گەیشتە کوردستان و لە ڕێگای هاوکاریکردنی کوردستانیش دوو کەس لە هاوڕێکانی شەهید بوون.
ناوبراو وتی: لە دەیان شەڕی دیکەدا بە درێژایی سێ ساڵ و نیو لە گەڵمان بەشداربوو لە هەر ناوچەیەک پێویستی بکردایە، هاوکاری هێزە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستانی دەکرد.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان حاجی قاسم سولێمانیی بە کەسێکی هەڵکەوتوو و بەتوانا ناو برد و وتی کە لە ڕێگای کۆماری ئیسلامی ئێراندا گیانی خۆیی بەخت کرد و شەهید بوو.
هەروەها کامیل حاجی عەلی سەرکردە لە بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان وەک میوانێکی دیکەی ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرینی یادی شەهید سولێمانی لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان کاتێک شەهید قاسم سولێمانی تیرۆر کرا وایاندەزانی کە تووشی شکست بوون بەڵام لە پاش ئەو تیرۆرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو سەرکەوتن دەڕوات.
ناوبراو وتی: تیرۆرکردنی حاجی قاسم سولێمانی پیلانێکی خیانەتکارانە بوو کە لە ناو خەڵکی مەدەنی و لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ئەنجامدرا و ئەوەش کارێکی تیرۆریستی بوو، ئەگەر بەوە نەوترێت تیرۆریستی، بە چی دەوترێت تیرۆریستی؟
کامیل حاجی عەلی وتی: ئەمریکا بەو خیانەتەی کردی لە گەلانی ئێران، حاجی قاسمی بە ئاواتی خۆی گەیاند کە شەهیدبوونی بوو، ئەو ماوەی 40 ساڵ زیاتر خەباتی دەکرد بۆ شەهیدبوونی، حاجی قاسم سولێمانی دۆستی هەموو لایەنە عێراقییەکان بە تایبەت کورد بوو و بۆ ئێمەش جێگەی ڕێزە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران لەبیر ناکەین کە بەردەوام بە ئێستاشەوە هاوکارمان بوون و یەکەم وڵاتیش بوو کە کۆنسووڵخانەی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵیادی تیرۆری شەهید حاجی قاسم سولێمانی لە هەرێمی کوردستان پیشاندەری پەیوەندی مێژوویی کۆماری ئیسلامی ئێران و کوردانی عێراقە کە کاتی خۆی لە یەک سەنگەر شەڕی دژ بە یەک دوژمنی هاوبەشیان بە ناوی سەدامی دیکتاتۆر کردووە، ئەو شەڕەی کە شەهید حاجی قاسم سولێمانی ڕۆڵ و کاریگەرییەکی باڵای لە ڕوبەڕوبونەوەی سوپای بەعسدا هەبووە.