بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەسروڵڵا ڕەشنودی لە میانەی وتارێکی لە ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵیادی تیرۆری شەهیدانی سەرکەوتن لە دژی داعش کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، وتی: شەهید گەورە حاجی قاسم سولێمانی پێش هەموو کەسێک هەستی بە مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش کرد و بۆ ئەمەش دەستبەجێ ئامادەی بەرەکانی شەڕی دژ بەو گرووپە تیرۆریستییە بوو و ڕێگریی لە پێشڕەوییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە کرد لە کاتێکدا هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی لە لایەن وڵاتان و لایەنەکانی پاڵپشتی تیرۆرەوە پێدرابوو.
ناوبراو وتی: شەهید سولێمانی لە پاش فەتواکەی ئایەتوڵڵا سیستانی و بە لێزانی و لێهاتوویی خۆی، گەنجان و چین و توێژەکانی دیکەی خەڵکی لە حەشدی شەعبیدا ڕێکخست و هاوڕێ لە گەڵ فەرماندەکانی دیکەی خۆڕاگری و لەو کاتەیدا کە دیارییکردبوو، کۆتایی بە خەلافەتە تەزویرەکەی داعش لە سەر ئاستی جیهان هێنا.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: داعش بە هاوکاری ئەو وڵاتانەی کە پێکهێنەر و پاڵپشتی بوون، هاتبوو کە لە کوشتن و تاڵانکردن و بەدیلگرتنی خەڵک بەردەوام بێت، وەک ئەوەی کە لە سپایکر ڕووی دا و ئەگەر هەوڵ و گیانفیدایی شەهید سولێمانی و بەشداری و تێکۆشانی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سوپا و حەشد و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە نەدەبوو، دەسکەوتی گەورەی سەرکەوتن لە بەرامبەر تیرۆریزمی داعش مسۆگەر نەدەکرا.
ناوبراو وتی: حەزرەتی ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق سەبارەت بە شەهید سولێمانی باسی ئەوەیان کردووە کە ” چۆن دەتوانین ڕۆڵ و هاوکاریی ئەم شەهیدە ئازیزە لەبیر بکەین، لە کاتێکدا کە لە هەمان ساتە سەرەتاییەکانی شەڕی داعشەوە خۆیی گەیاندە عێراق و هاوکارییەکانی دەستپێکرد تا بەرگری لە سامەڕا و شوێنە پیرۆزەکان و هەروەها هەرێمی کوردستان بکات و من لە نزیکەوە شایەتی بۆ ئەمە دەدەم “.
نەسروڵڵا ڕەشنودی وتی: شەهید سولێمانی ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردن بە خەڵک تەرخان کرد و هەر کات هەستیان بەوە دەکرد کە پێویست بە بوونی ئەوە، ئامادە دەبوو و بۆ بەرگری لە گەلانی زوڵملێکراو لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی و گرووپی تیرۆریستی داعش ئەوەی پیشاندا کە بۆ ئەو موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی، تورکمان، شەبەک، شێعە، کورد و سوننە هیچ جیاوازییەکیان نییە.
ناوبراو وتی کە شەهید سولێمانی ڕێگای سەرکەوتن و بەختەوەریی بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەزانی. شەهید سولێمانی پیاوی کردارە گەورە و گرنگەکان بوو.
ڕەشنودی وتی: شەهید سولێمانی بەرامبەر بە ترەمپی تاوانبار وتی ” کە تۆ بە شەهیدکردن هەڕەشە لە ئێمە دەکەیت بەڵام ئێمە پیاوی شەهیدبوونین، ئێمە گەلی ئیمام حوسێنین، وەرە پیاوی ئەم گۆڕەپانە ئێمەین، هێزی چەکداری کۆماری ئیسلامی ئێرانی ناوێت، من ڕوبەڕوی ئێوە دەبمەوە، هێزی بەرامبەری ئێوە هێزی قودسی سوپای پاسدارانە، بزانە کە ئەم شەڕە لە لایەن ئێوە دەست پێدەکرێت بەڵام کۆتاییەکەی لە دەستی ئێوەدا نییە، ئەی ترەمپی قومارباز بزانە کە لەو شوێنەی کە قەد بیری لێ ناکەیتەوە ئێمە لە نزیکتان دەبین “.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: شەهید سولێمانی میوانی فەرمی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق بوو و ئەمریکا بە بێ گرنگیدان بە هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتی ڕواڵەتی ڕاستەقینە و تیرۆریستیی خۆیی پیشاندا و ئەم تاوانە تیرۆریستی و دژە مرۆییەی کرد. ئەمریکا گەورەترین فەرماندەکانی سەرکەوتنی دژ بە داعشی شەهید کرد، بێ ئاگا لەوەی کە شەهیدان سولێمانی و موهەندیس لە ئێستادا کاریگەری زیاتریان لە کاتی زیندووبوونیان بۆ خەباتی گەلانی موسڵمان لە دژی ئەمریکییەکان هەیە./.