بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کامیل حاجی عەلی سەرکردەی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان کە خۆی بە ڕابەری نوێ ناساندووە، لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە شاری سلێمانی، وتی: ئێرانییەکان کاتێک شەهید قاسم سولێمانی تیرۆر کرا وایاندەزانی کە تووشی شکست بوون بەڵام لە پاش ئەو تیرۆرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو سەرکەوتن دەڕوات.
ناوبراو وتی: تیرۆرکردنی حاجی قاسم سولێمانی پیلانێکی خیانەتکارانە بوو کە لە ناو خەڵکی مەدەنی و لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ئەنجامدرا و ئەوەش کارێکی تیرۆریستی بوو، ئەگەر بەوە نەوترێت تیرۆریستی، بە چی دەوترێت تیرۆریستی؟
کامیل حاجی عەلی وتی: ئەمریکا بەو خیانەتەی کردی لە گەلانی ئێران، حاجی قاسمی بە ئاواتی خۆی گەیاند کە شەهیدبوونی بوو، ئەو ماوەی 40 ساڵ زیاتر خەباتی دەکرد بۆ شەهیدبوونی، حاجی قاسم سولێمانی دۆستی هەموو لایەنە عێراقییەکان بە تایبەت کورد بوو و بۆ ئێمەش جێگەی ڕێزە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران لەبیر ناکەین کە بەردەوام بە ئێستاشەوە هاوکارمان بوون و یەکەم وڵاتیش بوو کە کۆنسووڵخانەی لە هەرێمی کوردستان کردەوە./.