بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ڕێوڕەسمەدا وتی: یاد و بیرەوەرییەکانی شەهیدی گەورە و قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و ڕەتی ستەمکاری جیهانی بەرز ڕادەگرین و سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزی دەنێرین و دەستخۆشی لە گەلی گەورەی ئێران بە تایبەت گەنجان بۆ بەشداری لە ساڵیادی شەهیدبوونی قارەمانی نیشتمانی دەکەین.
ناوبراو وتی: ئێمە لە لایەکەوە خەمبارین بەوەی کە فەرماندە و قارەمانێکی گەورەمان لە دەست داوە و لە لایەکی دیکەشەوە شانازی بەوە دەکەین کە شەهید سولێمانی کەسایەتییەک بوو کە نەک تەنیا بۆ گەلی ئێران بەڵکوو هەوڵی خزمەت گەیاندنی بە گەلانی دیکەی موسڵمان لە سەرتاسەری جیهان دەدا.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەو ڕێکخستنەی کە لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا دەکرا، بە شێوازێک بوو کە بۆ شەهید سولێمانی شێعە، سوننە، موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی، لوبنانی و فەڵەستینی، یەمەنی، سوری، ئێرانی و ئەفغانی جیاوازییەکی نەبوو، بۆ ئەو تەنیا تەک بابەت گرنگ بوو و ئەویش بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئیسلام و موسڵمانان بوو.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بەرامبەر بە گەنجان وتی: ئەمڕۆ شانازی بەوە بکەن کە شەهید سولێمانی هێمای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بووە، شەهید سولێمانی شکستی بە ئەمریکا و داعش و لایەنگرانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە هێنا بەڵام گرنگترین کاری شەهید سولێمانی ئەوە بوو کە شکۆی ئەمریکای لە جیهاندا شکاند./.