بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بە بەشداری بەرچاوی خەڵک لە تاران بەڕێوەچوو.
ئەبو فەدەک مەحمەداوی جێگری دەستەی حەشدی شەعبی لەو ڕێوڕەسمەدا وتی: لە سەرجەم قۆناغەکان و ڕووداوەکانی عێراق حاجی قاسم سولێمانی ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو، ڕاستە کە خاڵی گرنگ و نیگەرانیی ئەم شەهیدە گەورەیە فەڵەستین بوو بەڵام بەڕێزیان هیچ کات عێراقیشی لەبیر نەکرد.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەوڵەکانی شەهید سولێمانی لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، وتی: شەهید سولێمانی بەردەوام جەختی لە سەر ئازادی و سەربەخۆیی عێراق دەکردەوە.
جێگری حەشدی شەعبی وتی: حاجی قاسم سولێمانی لە گەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس سەرکردایەتی خۆڕاگری عێراقیان دەکرد، پاشان لە سوریاش بە هەمان شێوە تێکۆشانی هەبوو و هاوکاری گەلی ئەو وڵاتەشی کرد.
ئەبو فەدەک وتی: خەباتی شەهید سولێمانی لە وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری قارەمانانە بووە و بەڕێزیان بە هۆی ئەو خەبات و تێکۆشانەوە بەردەوام هەڕەشە و مەترسیی لە سەر بوو.
ناوبراو وتی: حاجی قاسم یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتن لە دژی داعش بووە و ئایەتوڵڵا سیستانی بەڕێزیانی لە گەڵ شەهید ئەبو مەهدی موهەندیس بە هۆکاری سەرکەوتن ناو دەبرد.
ئەبو فەدەک مەحمەداوی وتی: لە ڕاستیدا تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس لە لایەن ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییەوە، پیشاندەری شکستی ئەوان لە بەرامبەر ئەم دوو کەسایەتییەی بەرەی خۆڕاگری بووە.
وتیشی کە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهیدان سولێمانی و موهەندیس لە ئەستۆی ئێمە دەبێت و سەرۆک کۆماری تاوانباری پێشووی ئەمریکا، زایۆنیستەکان و ئەوانەی هاوکاری ئەوانیان کردووە، هیچ کات ژیانێکی ئاسوودەیان نابێت./.