بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەنا جیهاد عەفیف شرۆڤەکاری سوری بە بۆنەی سێهەم ساڵیادی تیرۆری شەهید قاسم سولێمانی، وتی: شەهید قاسم سولێمانی لە نێو هاسەنگەرەکانی لە بەرەکانی شەڕی سوریا تایبەتمەندییەکی زۆری هەبوو، ئەو فەرماندەیەک بوو کە بۆ بەرگری لە خاکی وڵاتەکەی و دراوسێکانی تەنانەت یەک سات دواکەوتنی نەبوو، دەسکەوتی ئەم بیرکردنەوەش دابینکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی بوو و ئەم ئاسایشەش لەو شوێنەوە دەستیپێکرد کە ڕۆژێک ڕایگەیاند ” ئەگەر ئێمە لە سوریا شەڕ نەکەین، لە تاران دەبێت شەڕ بکەین “، لە بەر ئەوەی کە بەوە گەیشتبوو کە ئەم مەترسییە، هەڕەشەیەکی هاوبەشە.
عەفیف سەبارەت بە ڕۆڵی هاوپەیمانانی دیمەشق و هەوڵەکانی شەهید سولێمانی بۆ تێپەڕکردنی قەیرانەکە وتی: حکومەتی سوریا لە گەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی ڕوبەڕوی چەندین هەڕەشەی جیاجیا بوویەوە و ڕۆڵی ئێران بە ئامادەبوونی شەهید سولێمانی بەرچاو بوو. شەهید سولێمانی لەم سنورە جوگرافییەدا لە حەلەب تا بیابانی سوریا بە هێز و کاریگەر دەرکەوت. ئامادەبوونی ئەو هەروەها گەیشتە کەمبوونەوەی ڕوبەر و چالاکی بنکەی سەربازی تەنف ی ئەمریکا، سنورداربوونی ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە باشوری سوریا و تەنانەت دیاریکردنی ڕۆڵی سەربازی بۆ ڕووسیا لەم قەیرانە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر هاوکێشە مەیدانییەکان و ئەنجامە سیاسییەکانی هەبووە. هەر بۆیە ڕۆڵی شەهید سولێمانی لە هاوکاریکردنی حکومەتی دیمەشق بۆ هەمووان ڕوون کرایەوە، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە لایەنەکانی دیکە بیریان لە بژاردەکانی جێگرەوە بۆ قەیرانی سوریا دەکردەوە.
ئەو شرۆڤەکارە سورییە هەروەها وتی: شەهید سولێمانی بە شارەزایی لە شەڕ و گۆڕەپانی قەیرانی سوریا بە خێرایی بەرەوپێشچوونی هەبوو، تا ئازادی شەڕی کرد، سەروەری سوریای پاراست و لە بەرگریکردنی ناوچە ئازادکراوەکان بەردەوام بوو و بەردەوام جەختی لە سەر ئەو ستراتیژەی خۆی دەکردەوە کە ” ئازاد بکە و بەرەوپێش بچۆ “. ئەو فەرماندەیەک بوو کە بەردەوام لە ڕیزی یەکەم و بەرەی سەرەکی و پێشەوەی شەڕەکان بوو. فەرماندەیەک کە خۆیی لە کێبڕکێ سیاسییەکان بە دوور دەگرت و تەنیا بیری لە ڕۆڵی سەربازیی خۆی دەکردەوە، بە ڕادەیەک کە دوژمنان لە قۆناغە ستراتیژییەکاندا توانای شکستی ئەویان نەبوو و بەم هۆیەوە بە ناچار پەنایان بۆ تیرۆری هێنا. بەڵام ئەوەشیان نەدەزانی کە حاجی قاسم سولێمانی مەکتەبی خۆیی لە وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری کردووەتەوە کە هەمووان بۆ ئەو ئامانجە گەورەی تێدەکۆشن. ئێمە لەو بڕوایەداین کە بە هەزاران سولێمانی، موهەندیس و موغنییە و زۆرێک لە سەرکردەکانی ئێمە بوونیان هەیە کە ئەرک و ڕاسپاردەی خۆیان داوەتە دەستی خەباتگێڕانی نوێ، ئێستاش قارەمانانی نوێی ئێمە درێژە بە خەباتی چەکداری دەدەن و ئامادەن بۆ بەرگری لە نیشتمان و ئامانجەکانی خۆیان گیان فیدا بکەن./.