بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەبوحوسێن حەمیداوی ڕۆژی دووشەممە جەختیکردەوە کە ئەمریکا دەبێت باجی ڕشتنی خوێنی شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بداتەوە.
ناوبراو وتی: ئەگەر ئازایەتی و قارەمانێتی فەرماندەکانی خۆڕاگری و گیانفیدانیی ئەوان و بڕوایان بە ئەرکە ئائینییەکان نەدەبوو، سەرکەوتن لە بەرامبەر داگیرکارانی ئەمریکی مسۆگەر نەدەکرا.
ئەمینداری گشتی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق وتی: ئەمریکا و سعوودیە دەبێت بزانن کە کۆمەڵگای ئیسلامی لە شێوازی پیلانگێڕییەکانی ئەوان تێگەیشتوون و ئەو پیلانانەش بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە.
ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵای عێراق سەبارەت بە تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس وتی: جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە تێچووی ڕشتنی خوێنی فەرماندە شەهیدەکان، قورس و گەورەیە و کەمترین تێچووی دەرکردنی ئەمریکییەکانە لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەو تێچووەش درەنگ یان زوو دەبێت بدرێتەوە.
حەمیداوی لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە یەکڕیزی بەرەی خۆڕاگری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنان دەبێت درێژەی هەبێت و سەرجەم بوارەکانیش دەگرێتەوە./.