بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” پیتر فۆرد “ دیپلۆماتکار و باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە سوریا وتی: ئەگەر ئامانجی ئەمریکا سنوردارکردنی ئێران لە ناوچەکە بووە، بە ئاشکرا شکستی هێناوە، لە بەر ئەوەی کە ئەمڕۆ دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەکە زیاتر بووە، ئەگەر ئامانجی ئەمریکا هەڕەشەکردن لە ئێران بووە، ئەم سیاسەتەش شکستی هێناوە لە بەر ئەوەی کە ئێران وازی لە هیچ سیاسەتێکی نەهێناوە.
بە وتەی فۆرد، تیرۆری شەهید سولێمانی هیچ کاریگەرییەکی لە سەر سیاسەتەکانی ئێران نەبووە و تاران لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی لە سوریا، یەمەن و لوبنان کە دژایەتی ئەمریکا دەکەن، پاشگەز نەبووەتەوە و لە بەرامبەردا درێژەی بە دیپلۆماسی لە گەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداوی فارس و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا، چین، هیندستان و تورکیا داوە.
ناوبراو لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە بۆ کۆشکی سپی درێژە بە سیاسەتە شکستخواردووەکانی لە بەرامبەر ئێران دەدات، وتی: واشنتن ناتوانێت ڕاستییەکان قبووڵ بکات، دەیەوێت ئەوە بڵێت کە سیاسەتی گوشارەکانی لە دژی ئێران کاریگەری هەبووە، لە کاتێکدا کە وا نییە.
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی بەریتانیا سەبارەت بە هەڵوێستی لەندەن وتی: ئیدانەنەکردنی تیرۆری شەهید سولێمانی پیشاندەری سیاسەتی دووفاقیی بەریتانیا لە بەرامبەر مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
وتیشی کە پێداگری بۆ سزادانی تەواوی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی پیشاندەری لاوازیی لەندەنە بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی لە دژی ئێران./.