بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی قەتەردا هاتووە کە ئەم وڵاتە سیاسەتی کابینەی نوێی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ پەرەپێدانی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان بە توندی ئیدانە دەکات.
قەتەر لە درێژەی بەیاننامەکەی خۆی، سیاسەتەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی لە بەجولەکەکردنی شاری قودس و مزگەوتی ئەقسا بە توندی ئیدانە کردووە و وەک پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی گەلی فەڵەستین ناوی بردووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سیاسەتەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێگاچارەی دوو وڵاتی و هەروەها داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی بۆ ڕاگرتنی پەرەپێدانی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان لە خاکی فەڵەستین جێبەجێ بکات.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هەروەها جەختی لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی ئەم وڵاتە لە بەرامبەر دادپەروەری لە فەڵەستین و مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین و ڕاگەیاندنی وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستین لە سنورەکانی 1967 بە پایتەختی قودسی ڕۆژهەڵات کردووەتەوە./.