بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق ” غوڵام عەلی ڕەشید ” لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی مانۆڕی هاوبەشی سەربازیی ” زولفەقار ” وتی: بڕیارگەی ناوەندیی خاتەم، ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە سەر ئەوە کۆدەنگن کە ڕژێمی زایۆنیستی وەک هەڕەشەیەک لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە پلەی یەکەمدایە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بەو هەموو پاڵپشتییە کە لێی دەکرێت، بووەتە هەڕەشەیەکی ئەمنی و سەربازی بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە و ئێران و پیلانەکانی ئەو ڕژێمە لە دژی بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە ئاگاداری، هاوئاهەنگی و پاڵپشتی ئەمریکا دەکرێت و بێگومان کە وەڵامی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش یەکلاکەرەوە دەبێت.
فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەم وتی: هەر وڵاتێک کە لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هاوکاریی ڕژێمی زایۆنیستی بکات و بنکە و شوێن ڕادەستی ئەو ڕژێمە بکات، ئەو بنکانە و شوێنی دەستپێکردنی هێرش و دەسدرێژییەکان لە دژی ئێران کە ڕژێمی داگیرکاری قودسە، دەکرێتە ئامانجی هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێمە.
فەریق غوڵام عەلی ڕەشید وتی: ئێمە بە مانۆری سەربازی دەمانەوێت دوژمنان ئەوە بزانن کە لەو پەڕی ئامادەییداین و ئەگەر هەڵەیەک لە لایەن ئەوانەوە ڕوو بدات، ئەوە دەکرێتە شکستێکی ستراتیژی بۆ ئەو دوژمنانە.
ناوبراو وتی: ئەو خاڵەش دەبێت وەبیری دوژمنان بهێنینەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێمە بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی خۆیان لە بەرامبەر ئەوان شەڕ دەکەن کە هێزی ئەو شەڕەش ڕۆخێنەر دەبێت و سەرجەم هێز و توانای هێزە چەکدارەکان بە ئەرتەش و سوپای پاسدارانەوە، یەکپارچە و هاوئاهەنگ، دوژمنان تێک دەشکێنن./.