بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ هۆمام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار، وتی کە دەبێت بە هەوڵێکی تۆکمە و بەربڵاو، قەیرانی دۆلار بکرێتە دەرفەتێک بۆ ئازادیکردنی داراییەکان و ئابوریی عێراق.
ناوبراو وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین کە کاتی ئەوە هاتووە قەیرانی دۆلار بکرێتە دەرفەتی ڕێکخستنەوەی دووبارەی ئیدارەی دارایی وڵات و کارنامەی کەرتی ئابوری لە هەر دوو بەشی وەبەرهێنان و بەکارهێناندا باشتر بکرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق وتی: ئەم ئەرکەش بە تەنیا بۆ حکومەت و پەرلەمان نییە، بەڵکوو دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، خەڵک و میدیاکان دەست لە دەستی یەکتر و بە ئۆپۆزسیۆن و لایەنەکانی دیکەوە هاوکاری بکەن، وەک چۆن کە نیشتمانی خۆیان ئازاد کرد، ئابوری وڵاتیش بە ئاراستەیەکدا ببەن کە لە بەرژەوەندی هەموواندا بێت و خەڵک ژیانێکی شایستەیان هەبێت.
هۆمام حەمودی وتی کە ئابوری و داراییەکان و داهاتووی عێراق نابێت ببێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و سەرجەم لایەنەکانی عێراق دەبێت ئەم قەیرانە بکەنە دەرفەتێک بۆ وڵات./.