بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خلوسی ئاکار ئەمڕۆ پێنج شەممە 29 ی کانوونی یەکەمی 2022 ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە گەڵ وەزیرانی بەرگری ڕووسیا و سوریا لە مۆسکۆ بەشداریی کردووە و کۆبوونەوەکەش لە سەر چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا بووە.
ناوبراو وتی: یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی ئەو کۆبوونەوە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووە، ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە ڕێز لە یەکپارچەیی خاک و مافی سەروەری سەرجەم دراوسێکان بە تایبەت سوریا و عێراق دەگرین و تەنیا ئامانجمان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە و ئامانجێکی دیکەمان نییە.
وەزیری بەرگری تورکیا وتی: شاندی تورکیا لەو کۆبوونەوەدا جەختیکردەوە کە ئەوپەڕی هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی تورکیا، خەڵک و سنورەکانی ئەنجام دەدات و هەروەها ڕێگری لە کۆچی زیاتر لە سوریاشەوە بۆ تورکیا دەکات.
ئاکار وتی: ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەنکەرە دژایەتی تیرۆریستانی داعش و پەکەکە و یەپەگە دەکات کە بە هەمان شێوەی تورکیا هەڕەشەن لە سەر سوریاش.
وتیشی کە قەیرانی سوریا دەبێت لە چوارچێوەی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە شێوازێکی گشتی و بەربڵاو چارەسەر بکرێت./.