بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی HILL ڕاپۆرتێکی لە سەر تاوانەکانی سعوودیە لە یەمەن و پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانانە لە لایەن ئەمریکاوە و هەروەها بەردەوامیدان بە سیاسەتی فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە دەسەڵاتدارانی ڕیاز بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە سعوودیە لە سەردەمی جێنشینیی بن سەلمان، زیاتر لە 377 هەزار یەمەنیی کوشتووە و 523 کەسیشی لە سعوودیە لە سێدارە داوە.
ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە ڕایگەیاندووە کە جۆبایدن و کۆنگرێسی ئەمریکا دەرفەتی زۆریان بۆ سزادانی سعوودیە بە هۆی ئەو تاوانانەوە هەبوو بەڵام تەنیا کاتەکەیان بەفیڕۆدا.
ڕۆژنامەکە لە درێژەدا سەبارەت بە شەڕی یەمەن ڕایگەیاندووە کە ئەم شەڕە بووە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە 17 ملیۆن کەس لە یەمەنییەکان پێویستیان بە خۆراک هەبێت و بە گشتی زیاتر لە 19 هەزار و 200 کەسیشی لە کوژراو و بریندارەکانی شەڕی یەمەن لە کەسانی سڤیل بوون.
ڕۆژنامەی HILL لە کۆتاییدا بە ئاماژە بەوەی کە سعوودیە لە لایەن زاڵمێکەوە بەڕێوە دەبرێت کە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە خەڵک دەکوژێت و وڵاتێک بەڕێوە دەبات کە ئازادییەکان پێشێل دەکات، داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکا کردووە سەبارەت بە قوربانییەکانی شەڕی یەمەن لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی سعوودیە بکات./.