بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن کازمی قۆمی نێردەی تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستان کە بڕیارە وەک باڵیۆزی نوێ دەست بەکار بێت، لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ کەناڵی العالم سەبارەت بە شێوازی کشانەوەی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان و ڕووداوەکانی ئەو کاتە لە پاش 20 ساڵ داگیرکاری و کاردانەوەی ئەفغانەکان، وتی: ئەم هەنگاوە لە ڕاستیدا نمایشێک بوو کە ئەمریکییەکان بەڕێوەیان برد، بە شێوازێک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، خەڵکی ئەفغانستان تووشی کردەوەی تیرۆریستی دەبن، واتە خوڵقاندنی کەشی ترس و تۆقاندن لە نێو خەڵک و ئەوەی کە بە خەڵک بڵێن ئەگەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستاندا نەبن، خەڵک ڕوبەڕوی توندووتیژی و کوشتن دەبنەوە.
وەرگێڕانی ئەو چاوپێکەوتنە بە کوردی لە درێژەدا هاتووە:
شەڕی دەروونیی ئەمریکییەکان لە دژی خەڵکی ئەفغانستان
نێردەی تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستان وتی: ئەمریکییەکان لە ڕاستیدا شەڕێکی دەروونییان لە دژی دۆخی نوێی ئەفغانستان دەستپێکرد و ئەوەی کە خەڵک بەرەو فڕۆکەکانی ئەمریکا هێرشیان دەبرد لە ئەنجامی هەمان بانگەشە بووە و خواستی ئەوەیان هەبوو کە بڵێن ئەمریکا نەبێت ئاسایش بوونی نییە، واتە جۆرێک لە شەڕی دەروونییان بەڕێوە دەبرد.
کازمی قۆمی وتی: بابەتی دووەم ئەوانە بوون کە لە سەردەمی داگیرکاران لە حکومەتدا بەشدارییان هەبوو و بەشێک لە هاوکاری لە گەڵ ئەمریکییەکان و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بوون. ئەوان لە چالاکی و هاوکارییەکان لە گەڵ هێزە دەرەکییەکانی وەک ئەمریکا و ناتۆدا بوون کە لە لایەن تاڵیبان وەک ئەو هێزە نوێیەی کە کۆنتڕۆڵی کابوڵیان کردبوو، هەستیان بە مەترسی دەکرد، لە بەر ئەوەی کە ئەوانە لە دژی هێزەکانی ئەفغانستان هاوکاری ئەمریکییەکانیان دەکرد.
ڕێکەوتنی ئەمریکییەکان و تاڵیبان
ناوبراو وتی: بە دڵنیاییەوە کە ئەو کەسانە لەوە نیگەران بوون کە بە هاتنی تاڵیبان تووشی کێشە دەبن، بەڵام بابەتی گرنگ هەمان ئەو شەڕە دەروونییە بوو کە باس کرا، واتە ئەمریکییەکان بەنیازی ئەوە بوون کە بڵێن بە کشانەوەی ئێمە ئاسایش و سەقامگیری لە ئەفغانستان دەڕوات. ئەمریکییەکان دەیانتوانی بەو شێوازە لە ئەفغانستان پاشەکشە نەکەن و لە گەڵ تاڵیبانیش ڕێکەوتوون کە تاڵیبان بگاتە دەروازەکانی کابوڵ و بۆ ماوەی دوو هەفتە وتووێژی نێوان لایەنەکانی ئەفغانستان بەڕێوە ببرێت، بەڵام دوا جار لە ناوکاو پاشەکشەیان کرد و ئەفغانستانیان بە جێهێشت.
هێنانی داعش لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بۆ ئەفغانستان
کازمی قۆمی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا گەلی ئەفغانستان بەو دڵنیاییە گەیشتوون کە کاروباری وڵاتەکەیان بە پێی حەز و خواستی ئەوان بەرەوپێش دەڕوات؟ وتی: لەو هەلومەرجە نابەرپرسانەی کە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان کشانەوە، کەش و دۆخێکی نەگونجاو بە سەر ئەم وڵاتەدا زاڵ بوو و گرنگترین بابەت لەو کاتەشدا ئاسایشی ناوخۆیی بوو، ئەمریکییەکان لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە ئاسایش دابین بکەن و کاتێک پاشەکشەیان بە هێزە سەربازییەکانیان کرد خەڵک هەستیان بەو شەڕە دەروونییە دەکرد، بە تایبەت کە ئەمریکییەکان داعشیان هێنابووە ئەفغانستان، واتە لە پاش ئەو شکستەی کە ئەمریکا لە سوریا و عێراق ڕوبەڕوی کرایەوە و هێزەکانی خۆڕاگری و خەڵکی ئەو دوو وڵاتە پیلانی داعشیان وەک دەستکردی ئەمریکا ڕوبەڕوی شکست کردەوە و بە تایبەت بە فەرماندەیی شەهیدی سەرباز حاجی قاسم سولێمانی ئەو پیلانە شکستی هێنا، یەکێک لە کارەکانی ئەمریکییەکان ئەوە بوو کە تیرۆریستانی داعشیان هێنایە ئەفغانستان.
ناوبراو وتی: هەمووان دەزانن کە لە پاش کشانەوەی ئەمریکییەکان چالاکییەکانی داعش لە ئەفغانستان دەستیپێکرد، ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە سوریا و عێراقەوە هاتبوون، نەک ئەوانەی کە لە چەندین ساڵی پێش ئەوە لە پاکستانەوە چالاکییان دەستپێکردبوو.
قەیرانی ئابوریی ئەمریکییەکان بۆ حکومەتی نوێ و خەڵکی ئەفغانستان
کازمی قۆمی وتی: ئەمریکا لە داعش وەک قەیرانێکی ئەمنی لە ئەفغانستان کەڵکی وەرگرت، قەیرانی دیکە ئابوری بوو کە لە ماوەی 20 ساڵ داگیرکاریدا ئەمریکییەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی هیچ هەنگاوێکیان نەنا و تەنانەت ژێرخانەکانی ئەفغانستانیان ڕووخاند و بەم هۆیەوە لە پاش هاتنەسەرکاری تاڵیبان، حکومەتی نوێ ڕوبەڕوی ناسەقامگیری، قەیرانی ئابوری و چالاکییەکانی داعش بوویەوە.
هێزی بەوەکالەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەستی بە چالاکی کرد
نێردەی تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستان وتی: ئەمریکییەکان لە پاش کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان هێزی بەوەکالەت و سیخوڕیی خۆیان کردە جێگرەوەی ئەو هێزانەیان. لەو هەلومەرجەدا سوپای پێشووی ئەفغانستان نەمابوو، کە واتە هێزێک نەبوو یارمەتیدەری دابینکردنی ئاسایش بێت، تەنیا هێزێک کە لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە تاڵیبان بوو.
گوشارە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاڵیبان
نێردەی تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: تاڵیبان کاتێک هاتنە کابوڵ و دەستیان بە دەسەڵات گەیشت، ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی نوێ بوونەوە. لە هەمان سەرەتای کشانەوەی ئەمریکییەکانەوە، گوشارەکانی واشنتن لە بوارەکانی ئەمنی، ئابوری و سیاسی دەستیپێکرد. پلانێکی دیکەی واشنتن ئەوە بوو کە شەڕی تائیفی لە ئەفغانستان دەست پێبکاتەوە. هەروەها بەشێک لەوانەی کە پەروەردە و مەشقیان لە لایەن ئەمریکاوە پێکرابوو، برانە ئەو وڵاتە و ڕێکخستنی نوێیان بۆ کراوە، بە واتایەکی دیکە، ئەگەرچی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان کشانەوە بەڵام هەوڵەکانیان بۆ پیلانگێڕییەکی نوێ بە تایبەت تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئەم وڵاتە دەستپێکرد.
ئامانجی ئەمریکا لە داگیرکردنی ئەفغانستان
حەسەن کازمی قۆمی وتی: ئەمریکییەکان لە ساڵی 2001 بە بیانووی شەڕی دژ بە تیرۆر هاتنە ئەفغانستان بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەوان ڕوبەڕوبونەوەی ئێران، چین و ڕووسیا بوو. وەک چۆن کە بە بیانووی لە ناوبردنی چەکی کۆمەڵکوژ هاتنە عێراق و پاشان سیاسەتی خۆیان بە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەرەوپێش دەبرد.
ناوبراو وتی: ئێستا کە ئەمریکا لە ئەفغانستان کشاوەتەوە بە هۆی ئەو تێچووە زۆرەوە بووە کە چیدی بۆ دەسەڵاتدارانی واشنتن قبووڵکراو نەبووە بەڵام هەر ئێستاش هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجی سەرەکی خۆیان واتە ڕێگری لە ئێران، چین و ڕووسیا لە ئەفغانستان دەدەن، ئەو ئامانجەش لە ڕێگە هێزی بەوەکالەتی وەک داعشەوە دەبێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی سەقامگیریی ئەفغانستان دەدات
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان هێشتا دەستیان بە سەر پارە و سەروەت و سامانی خەڵکی ئەفغانستاندا گرتووە، وتی: ئەوان داعش بەهێز دەکەن و هێزەکانی خۆیان کشاندووەتەوە تا لە قۆناغی داهاتوودا شەڕی مەزهەبی و تائیفی دەست پێبکات، ئەمریکا وازی لە ئامانجەکانی خۆی نەهێناوە، ئەڵبەت هەوڵ دەدەن کە ئەو زیان و تێچووەی پێشوویان نەبێت، لەم ڕوانگەشەوە سیاسەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەردەوام ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییە بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ئەفغانستان دەدات.
کازمی قۆمی وتی: سیاسەتی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی ئەفغانستان، هاوکاریکردنە لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕێگای پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانی نیشتمانییەوە. ئەم ئەزموونەش لە عێراق بینراوە، لە عێراق ئەوە بینرا کە داگیرکاران ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکرد بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێک کە پشت بە دەنگی خەڵک ببەستێت، هاوکاری عێراقییەکانی کرد، لە ئەفغانستانیش سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ئەمەیە. بە پێی ئەو کێشە و قەیرانانەی کە بوونیان هەیە، وەک دەستێوەردانی ئەمریکییەکان، پرسی تیرۆر و داعش، قەیرانی ئابوری و ….. تەنیا ڕێگاچارە، پێکهێنانی حکومەتێکە کە لە لایەن خەڵکەوە پاڵپشتی بکرێت.
پەیوەندییەکانی ئێران و تاڵیبان بۆ پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئەفغانستانە
حەسەن کازمی قۆمی وتی: سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێنماییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆشی ئیسلامی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڕێیان فەرموویان کە ” حکومەتەکان دێن و دەڕۆن، ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە گەلی ئەفغانستانە و پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەلی ئەفغانستان دەبێت “. لە ماوەی 44 ساڵی ڕابردوو پاش دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەردەوام لە بەرەی پاڵپشتی لە خەڵکی ئەفغانستاندا بووین، بە بێ گرنگیدان بەوەی کام حکومەت لە دەسەڵاتدا بووە. ئەمڕۆ تاڵیبان حکومڕانیی ئەفغانستانی بە دەستەوەیە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە پێناو پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئەفغانستان لە گەڵ تاڵیبان پەیوەندیی هەیە و لە بواری ئابوری، ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کاروباری مرۆڤدۆستانە هاوکاری خەڵکی ئەم وڵاتە دەکەین./.